دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
"تەنیا یەک دانەیە و ئەویش بەم زووانە دەگەڕێتەوە ئاسمان"
ترەمپ رەتیدەکاتەوە پێنج فڕۆکەیان لە سعودیە زیانیان بەرکەوتبێت
964+
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە پێنج فڕۆکەیان لە سعودیە زیانیان بەرکەوتبێ و دەڵێت، تەنیا یەک دانەیان بەسووکی زیانی پێگەیشتووە و ئەویش بەم زووانە دەگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی خۆی.
دۆناڵد ترەمپ دیسان لە تروس سۆشیال پۆستێکی نوێی کردووە و دەڵێت، “جارێکی تر هەواڵیکی ناڕاست لەلایەن میدیای ساختەوە بڵاوکرایەوە سەبارەت بەوەی کە پێنج فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر لە فڕۆکەخانەی سعودیە لێیان دراوە و زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێوەیەک کە چیدی ناتوانرێت بەکاربهێنرێن”.
“لە راستیدا چەند رۆژ پێش هێرش کرایە سەر بنکە ئاسمانییەکە، بەڵام فڕۆکەکان لێیان نەدرا و لەناو نەچوون، چوار لەو فڕۆکانە زیانێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوت و هەرزوو گەڕانەوە سەر ئەرکەکانیان، یەک دانەیان بەسووکی زیانی بەرکەوتووە و ئەویش بەم نزیکانە دەگەڕێتەوە ئاسمان”، ترەمپ وادەڵێت.
لە پۆستەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر چەند میدیایەکی وڵاتەکەی وەک رۆژنامەکانی وۆلستریت جۆرناڵ و نیویۆرک تایمز و بە میدیای ساختە ناویان دەبات و دەڵێت، “دەیانهەوێ ئێمە جەنگەکە بدۆڕێنین، راپۆرتە مەترسیدارەکانیان پێچەوانەی رووداوە راستییەکانە”.