داوای لێکۆڵینەوە لە عێراق و کوردستان دەکرێت

بۆ جاری دووەم هێرش کرایەسەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە توندی ئیدانەی هێرشی درۆنیی کرد، کە کراوەتە سەر کونسوڵخانە گشتییەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆ جاری دووەم لە هەفتەیەکدا.

بە گوێرەی ئەو راگەیاندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەمڕۆ شەممە 14.3.2026 بڵاویکردووەتەوە، بۆ جاری دووەم بە درۆن هێرش کراوەتەسەر کونسوڵخانەی ئیمارات، کە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی و زیانگەیاندن بە بینای کونسوڵخانەکە.

لە راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە “ئامانجکردنی نوێنەرایەتی و شوێنە دیپلۆماسییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرجەم نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کە گەرەنتی پێشێلنەکردنی تەواوی بۆ شوێن و کارمەندانی دیپلۆماسی دەکات”.

هەروەها دەڵێن، “ئەمەش پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە”.

هەروەها وەزارەتەکە داوای لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەم هێرشە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەوانەی بەرپرسن، هەروەها هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوەی ئەنجامدەران.

هەرچەندە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر هیچ راگەیاندراوێکی فەرمی لە بارەی هێرش بۆ جاری دووەم بۆ سەر کونسولخانەی ئیمارات بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، پێدەچێت دەچێت شەوی رابردوو هێرشەکە کرابێت.

هەفتەی رابردوو بە درۆن لە لایەن گرووپەکانی مقاوەمەی عێراقی، کە پاڵپشتیی ئێران دەکەن، هێرش کرایەسەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر.

ئیمارات داوای لێکۆڵینەوە لە هەولێر و بەغدا دەکات

ئیمارات داوای لێکۆڵینەوە لە هەولێر و بەغدا دەکات