دوێنی شەو چی روویدا؟

کوردستان و بەغدا شەوێکی سەختیان بەڕێکرد

964+

مستەفا نەهرۆ

بە کورتی و بە پوختی ئەمانە بەشێکن لە گرنگترین رووداوەکانی چەند کاتژمێری رابردووی جیهانن:

📌 دوێنێ شەو هەرێمی کوردستان شەوێکی سەختی بەڕێ کرد، هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان بە چڕی بوون، بە تایبەت هەولێری پایتەخت چەندین جار بە درۆن هێرشی کرایە سەر.

📌 جگە لە هەرێمی کوردستانیش، هێرشەکان بۆ سەر عێراق بەردەوامی هەبوو، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ماڵی یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبییان لە گەڕەکی عەرەسات لە ناوەڕاستی بەغدا بۆردومان کردووە.

📌 محەمەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: ترەمپ بە قسەی ناتەنیاهۆ هەڵخەڵەتاوە و ئێستا لە ژێر رکێفی ئەودایە، ئیتر لەمەودوا ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەمەریکاو ئیسرائیلدا ناکەین.

📌 سوپای پاسداران دوێنێ شەو رایگەیاند، لە هێرشەکاندا مووشەکەکانی جۆری “خەیبەرشکێن” و “قەدەر” بەکارهێنراون و چەند ئامانجێکیان لە بیابانی نەقەب، بئرئەلسەبع، نەواتیم و شاری لۆد، لەگەڵ بنکەی “ئەلعەدید”ی ئەمریکی لە قەتەر کردووتە ئامانج.

📌 دەوروبەری کاتژمێری دووی ئەمشەو، ترەمپ قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند:

🔴 بزانین لە تەنگەی هورمز چیمان پێ دەکرێت.

🔴 لەوانەیە ئامانجەکانی من و ناتەنیاهۆ جیاواز بن.

🔴 مەبەستم لە تەسلیمبوونی ئێران ئەوەیە هەموو مەرجەکانی ئێمە جێبەجێ بکات.

🔴 بیرۆکەیەکم هەیە بۆ ئەم شەڕە، بەڵام جارێ نازانم کەی تەواو دەبێت.

🔴 هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێرانمان لەناوبرد بە نزیکەیی هەموو شت تەواو بووە.

🔴 ناتوانم پێتان بڵێم ئەم جەنگە چەندی پێ دەچێت، بەڵام تا ئەوەندەی پێویست بێت بەردەوام دەبێت.

📌 رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی “شازادە سوڵتان” لە سعودیە، پێنج فڕۆکەی  سووتەمەنیگەیەنەری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا پێکراون و زیانیان پێگەیشتووە.

📌 ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە رایگەیاند: ئیسرائیل پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنەکانی فراوان بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەی باشووری رووباری لیتانی.

پوختەی قسەکانی بەرپرسە ئیسرایلییەکە:

🔴 ئەوەی لە غەززە کردمان، لە لوبنانیش دەیکەین.

🔴 ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لە لوبنان کۆنتڕۆڵکردنی زەوییەکان و دوورخستنەوەی هێزەکانی حزبوڵایە لە سنوورەکان.

🔴 هەڵوەشاندنەوەی پێگە سەربازییەکانی حزبوڵا و کۆگاکانی چەکیان لە ناو گوندەکاندا، بەشێکە لە پلانی ئیسرائیل.

🔴 پێش هێرشەکەی کۆتایی حزبوڵا ئامادەی ئاگربەست بووین، بەڵام ئێستا هیچ پاشەکشەیەک لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان نییە.

🔴 ئیدارەی ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کردووە فڕۆکەخانەی بەیرووت یان دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆردومان نەکات.

📌 هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی شەڕەکەوە رایگەیاند، ئێران بەتەواوی تێکشکاوە و دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام ئەو رێککەوتنە نییە کە من قبوڵی بکەم.

ئیمارات داوای لێکۆڵینەوە لە هەولێر و بەغدا دەکات

ئیمارات داوای لێکۆڵینەوە لە هەولێر و بەغدا دەکات