شەوی رابردوو هێرش کرایەسەر ماڵێکی گەڕەکی کەڕادەی بەغدا
فهرماندهیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق:
“به ئامانجگرتنی كهسهكان له ناو شوێنهكانی نیشتهجێبوون تاوانی جهنگه”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و ئیدانەی هێرشەکانی شەوی رابردووی بەغدای کرد و بە “هەڵکشانی مەترسیدار و بێ وێنە” وەسفی کرد، لە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە ناوچەی چڕی دانیشتووان.
فەرماندەییەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارە “پێشێلکردنی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان”ـە.
بەیاننامەکە ئەمڕۆ شەممە 14.3.2026 بڵاوکراوەتەوە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە قووڵایی گەڕەک و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان رەتکردەوە، هەر بیانوویەکی بۆ ئەم هێرشانەش بە “نایاسایی و بێ ئەخلاقی ” وەسف کرد.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە “گۆڕینی ماڵ و کۆڵانەکانی خەڵکی مەدەنی بۆ شانۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تاوانێکی تەواو پێکدەهێنێت” کە ئامانجی راستەوخۆ تیرۆرکردنی خەڵکی بێتاوان و شکاندنی ئیرادەیانە.
روونیشیانکردەوە کە “بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک تاوانێکی گەورە پۆلێن دەکرێت، کە ناتوانرێت چاوپۆشی لێبکرێت”.
ئەم هەڵوێستە فەرمییەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو ناوچەی کەڕادە لە بەغدا کرایە ئامانج و بەرپرسێکی گەورەی مقاوەمەی ئیسلامییش کوژرا.