"ترەمپ تێناگات"
عەلی لاریجانی لەناو خۆپیشاندەرانی تارانەوە پەیامێکی توند ئاراستەی ترەمپ و نەتانیاهۆ دەکات
964+
وریا فەتاح
لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دژی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ، عەلی لاریجانی، سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى ئێران، هاتە ناو جەماوەرەوە و لەسەر شەقامەکانەوە پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
لاریجانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، رەخنەی توندی لە تێڕوانینەکانی سەرۆکی ئەمریکا گرت و رایگەیاند: “کێشەی ترەمپ ئەوەیە کە تێناگات نەتەوەی ئێران نەتەوەیەکی ئازا و پێگەیشتوون. ئێمە نەتەوەیەکی بەهێز و خاوەن ئیرادەین، هەرچەندە ئەو زیاتر فشار بهێنێت، ئیرادەی ئەم نەتەوەیە بەهێزتر دەبێت.”
دەرکەوتنی لاریجانی لەناو جەماوەردا بە پێشوازییەکی گەرمی خۆپیشاندەرانەوە بوو، کە بەردەوام دوعای سەلامەتیان بۆ دەکرد و دەیانوت “خوا بتپارێزێت”.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، کاتێک پەیامنێرێک پرسیاری سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لێکرد، لاریجانی ئەو هێرشانەی بە نیشانەی لاوازی وەسف کرد و وتی: “ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیکات لە ترسانە، نیشانەی بێچارەیی و دەستەوەستانییەتی.”
لاریجانی جەختی لەوەش کردەوە کە پەنابردن بۆ هێرشی سەربازی لەم کاتانەدا بەڵگەی شکستهێنانە و رایگەیاند: “کەسێک کە بەهێز بێت، لە ناوەڕاستی خۆپیشانداندا بۆردومان ناکات، ئەمەش دەریدەخات کە ئەوان دەرەقەت نەهاتوون و شکستیان هێناوە.”