کچانی هەڵبژاردەی ئێران
گەڕایەوە وڵاتەکەی
کچە یاریزانێکی ئێرانی لە داوای مافی پەنابەری لە ئوسترالیا پەشیمان بووەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یەکێک لەو حەوت کچە یاریزانە ئێرانییانەی، کە داوای مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا کردبوو، بیروڕای خۆی گۆڕی و رایگەیاند دەیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، ئەم کارەش دەسەڵاتدارانی ئوسترالیای ناچار کرد بەپەلە شوێنی شەش کچە یاریزانەکەی دیکە بگوازنەوە، دوای ئەوەی شوێنیان ئاشکرا بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، تۆنی بێرگ، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند، یەکێک لە یاریزانەکان، دوای راوێژکردن لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیەکانی، کە پێشتر وڵاتەکەیان جێهێشتووە، رای خۆی گۆڕی و رایگەیاندووە، دەیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
بێرگ وتی: بەداخەوە لە دەرکردنی ئەم بڕیارەدا، لەلایەن هاوڕێکانی و راهێنەرەکەیەوە ئامۆژگاری کرا کە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی ئێرانەوە بکات و داوای گواستنەوەی بکات.
“لە ئەنجامدا باڵیۆزخانەی ئێران شوێنی ئەوانی دیکە ئاگادار بوو، دەستبەجێ رێنماییم دا بۆ گواستنەوەی ئەوانی تر”، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا بە تۆڕی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە.
شەش یاریزانەکەی دیکە ئێستا لە شوێنێکی سەلامەتدان لە ژێر پاراستنی پۆلیسی ئوسترالیا.
شەوی سێشەممەی رابردوو تیپی کچانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران سیدنییان جێهێشت و دوایین جار بینران کە گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوالالامپور لە مالیزیا.
بێرک ناوی ئەو کچە یاریزانەی ئاشکرا نەکرد، کە بیروڕای خۆی گۆڕیوە، بەڵام پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەو دوو ژنەی دواتر داوای مافی پەنابەرییان کرد، یاریزانێک و ئەندامێکی ستافی راهێنەرایەتی تیپەکەن.
پێشتر وێنەی ئەو حەوت کچە یاریزانانە لە هەژماری سۆشیال میدیای وەزیری ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە.
ئەو کچانە لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ ئێران ڕووبەڕووی نیگەرانی بوونەتەوە، دوای ئەوەی میدیای دەوڵەتەکەیان بە خائین ناوزەدیان کردوون بەهۆی ئەوەی پێش یارییەکەی هەفتەی ڕابردوو سروودی نیشتمانییان نەگوت.
شەوی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران هانی ئەو کچانەی دا “بگەڕێنەوە ماڵەوە” و وتەبێژی وەزارەتەکە وتی، “نیگەران مەبن، ئێران بە باوەشی کراوە چاوەڕێتان دەکات”.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی ئێران بەشداریی جامی ئاسیایان کرد لە ئوسترالیا، لەوێدا پێنج یاریزان داوای مافی پەنابەرییان کرد و ئوسترالیاش داواکەی جێبەجێکردن، سەرۆکی ئەمریکاش لەو بابەتە قسەی کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئوسترالیا وەک پەنابەر وەریاننەگرێت، ئەمریکا ئامادەیە وەریانبگرێت.