لە هەڵەبجە
سێ ژن بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
پۆلیسی هەڵەبجە باندێکی سێ کەسیی ژنانی بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکرد، کە دوای سکاڵای هاوڵاتییەک، لە ماوەیەکی کەمدا توانراوە دەستنیشان بکرێن و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەشدا بگیرێت.
بەپێی راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، وردەکاریی رووداوەکە بەم شێوەیەیە:
شەوی رابردوو کاتژمێر 7:30، هاوڵاتییەک سکاڵای لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمارکرد کە ئۆتۆمبێلەکەی (لە جۆری تۆیۆتا کراون – بێ سەرەتا) لێ دزراوە و گومانی لە کەسێک هەیە.
مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکرد و توانییان لە کەمتر لە سێ کاتژمێردا تۆمەتباران بدۆزنەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیریان بکەن.
هەر سێ تۆمەتبارەکە لە رەگەزی مێن و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەن، کە پێکهاتوون لە:
(و. ع. ص) تەمەن 39 ساڵ.
(ر. ع. ا) تەمەن 38 ساڵ.
(س. ف. ح) تەمەن 17 ساڵ.
پۆلیس روونیشى کردووەتوە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.