ئاڵای ئیمارات
هێرشی درۆن بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر
ئیمارات داوای لێکۆڵینەوە لە هەولێر و بەغدا دەکات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئیدانەی هێرشی درۆنی بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتیشیان کردەوە، بە ئامانجگرتنی نوێنەرایەتی و بارەگا دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، داواش لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر دەکەن بەدواداچوون بۆ بارودۆخی هێرشەکە بکەن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بکەن.
شەوی رابردوو تۆڕی هەواڵی 964 گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە نزیک کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی ماس سیتی لەسەر رێگای هەولێر و پیرمام بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێ بگەیەنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیاندراوێکدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 10.3.2026 دەست 964 کەوتووە، بە توندی ئیدانەی هێرشەکە بۆ کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر دەکات، کە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی هەبوو.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە “ئامانجکردنی نوێنەرایەتی و شوێنە دیپلۆماسییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرجەم عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کە گەرەنتی پێشێلنەکردنی تەواوی بۆ شوێن و کارمەندانی دیپلۆماسی دەکات، هەروەها نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.”
وەزارەتەکە هەروەها دووپاتی کردەوە، ئیمارات داوا لە حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی کوردستانی عێراق دەکات بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەم هێرشە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی، کە بەرپرسن و هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون، لەوەی کە ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.