شەوی رابردوو چی روویدا؟

شەوی ترەمپ و درۆنەکان بوو

964+

عەبدولباری ساڵح

بۆ ئەوەی لە هەواڵەکان دانەبڕێن بەکورت و پوختی هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند کاتژمێری رابردوو روویانداوە، لێرە بۆمان کۆکردوونەتەوە؛

📌 نزیکی کاتژمێر 7:30 خولەکی ئێوارەی دوێنێ، درۆن لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی ژیان کەوتە خوارەوە و بەهۆی ئەوەی نەتەقیبووەوە، هێزە ئەمنییەکان داوایان لە هاوڵاتیان دەکەن لە شوێنەکە دوور بکەونەوە.

⭕️ دوای زیاتر لە کاتژمێرێک لە رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند، درۆنەکەی گەڕەکی ژیان لە هەولێر، “بە سەلامەتی هەڵگیرایەوە”

📌رێکخراوی CPT ئەمریکی رایگەیاند، سوپای تورکیا لە گوندی کەشانی سەر بە باتیفا بازگەی نوێی داناوە؛ سەربازەکانیش رێگری لە هاوڵاتیان دەکەن بچنە سەر رەز و باخەکانیان؛ ئامانج لەم جووڵەیەش دروستکردنی رێگایەکی سەربازییە بۆ بەستنەوەی بارەگاکانی “کوخێ دپشکا” و “کوخێ مەلاهێ” بە بنکەکانی تری تورکیاوە لە ناوچەکە.

📌دۆناڵد ترەمپ: موجتەبا خامنەیی هیچ هەلێکی بۆ رزگاربوون نییە و کاتێکی سەخت چاوەڕێی دەکات.

📌 عەبدوڵای حەسەن زادە سیاسەتوانی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرنامەیەکی تایبەت بە 964 وتی: پێم وایە ئەم قۆناغە بە رووخانی رژێمی ئێران کۆتایی دێت.

📌دۆناڵد ترەمپ لە نێوان شەڕ و ئاشتی یاری دەکات؛ لەکاتێکدا بە NBC دەڵێت، کارەکانمان لە ئێران زۆر بە خێرایی و زووتر لە پلانەکان بەرەو کۆتایی بردووە، کەچی لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هەڕەشەی کوشتنی موجتەبا خامنەیی دەکات ئەگەر مەرجەکانی واشنتۆن جێبەجێ نەکات.

📌 نزیک کاتژمێر 11:30 شەو، دەنگێکی زۆر بەهێز لە هەولێر بیستراو دواتر بە 964 راگەیەندرا کە درۆنێک لەسەر رێگای هەولێر پیرمام لە دەوروبەری پڕۆژەی ماس ستی کەوتووەتە خوارەوە.

📌جارێکی دیکەش بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستان لە دێگەڵە، بە فیشەک رووبەڕووی بوونەوە.

📌 دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە: ئەمشەو کاتژمێر 10:24 هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاندووە

⭕️ بەپێی راگەیەندراوەکە: پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات کەوتووەتە خوارەوە، زیانی گیانی نەبووە.

📌ترەمپ درەنگانێکی شەو راستەوخۆ قسەی کرد و وتی: “ئەگەر هێرشمان نەکردایە، ئێران هەفتەیەکی تر پەلاماری ئێمە و ئیسرائیلی دەدا”؛ ئەوە گرنگترین قسەکانیەتی:

⭕️سەکۆکانی موشەکی ئێرانمان تێکشکاند و تەنیا 22%ی موشەکەکانیان ماوە؛ هەروەها لە دوو رۆژدا 46 کەشتیی ئێرانمان نوقم کرد.

⭕️هەموو سەرکردەکانمان کوشتن؛ هەندێکیان رۆیشتن و ئەوانی تریش لە دوا خولەکەکانی ژیانیان دەژمێرن.

⭕️ئەم شەڕە کورتخایەن دەبێت و توانیمان لەو رژێمە ببەینەوە کە هەڕەشەی لە جیهان دەکرد.

⭕️ئێستا خاوەنی بەهێزترین سوپاین لەسەر زەوی و جیهان لە هەموو کات زیاتر رێزمان لێ دەگرێت.

⭕️ئێمە و هاوبەشە ئیسرائیلییەکانمان ئەم دوژمنەمان تێکشکاند.

⭕️جۆ بایدن خراپترین سەرۆک بووە؛ ئەوەی من لەم دوو ساڵەدا کردوومە، لە مێژوودا نەکراوە.

📌 دوای قسەکانی ئەمشەوی ترەمپ هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر تارانی پایتەخت و دەورووبەری

📌 بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی نزیکی شوێنەکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هێرشە درۆنییەکان زیان بەر دوو ئۆتۆمبێلیی فەرمانبەرەکانیان کەوتووە و دوو ژووری بیناکەشیان کون بووە، هەربۆیە ناچاربوون شوێنەکەیان بگوازنەوە.

📌 دوای کاتژمێر 1:30 خولەکی شەو، لە ناوچەکانی سۆران و خەلیفان و چیای کۆرەک و هەریر چەند دەنگێکی زۆر بەهێز بیسترا.

⭕️ بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964 لە سۆران، گومان دەکرێت درۆن بووبێت و تا ئێستا بە دیاریکراوی روون نییە لە کوێ کەوتووەتە خوارەوە، باس لە  فڕۆکەخانەی سەربازی هەریر دەکرێت، هاوکات لەسەر چیای کۆڕەک ئاگر و دوکەڵ دەبینرێت.

📌 هەر دوای ئەوە، پەیامنێری 964 لە سلێمانی: لە نزیک گردی ریعایە دوکەڵ دەبینرێت و خەڵک دەڵێن گوێیان لە دەنگی بەرز بووە

⭕️ بە نزیکەی کاتژمێرێک دوای بڵاوکردنەوەی ئەو دێڕەی سەرەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ـی وت ئەوەی بینراوە سوتاندنی کەلوپەل بووە لەو جێیە ئەگەر نا هیچ هێرشێک رووینەداوە.

📌 کاتژمێر 3:00ـی شەو، لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەنگی گەورە بیسترا، پەیامنێری 964 وتی، بەرپەرچی درۆنێک دراوەتەوە و پارچەکانی لە گەڕەکی زێڕین کەوتووەتەوە خوارەوە.

📌 بەرەی مقاوەمە لە عێراق رایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێردا 37 ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییان لە دژی بنکەکانی دوژمن لە عێراق و ناوچەکە ئەنجامداوە.

📌 ترەمپ لە پۆستێکدا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، ئەگەر ئێران رۆیشتنی نەوت لە گەرووی هورمزدا ​​بوەستێنێت، ئەوا 20 هێندە توندتر و خراپتر لێیان دەدەین.