قوڕی کفری تا قەرەتەپەش دەڕوات
+964
هونەر فارس – کفری
بۆکانی تەنورچی، رۆژانە دوای شێلانی قوڕەکە لەگەڵ کا تێکەڵی دەکات و دەست دەکات بە تەواوکردنی ئەو تەنورانەی کە رۆژی پێشوو بنەڕەتی دروستکردنی داناون، بە قسەی خۆیشی تەنورەکانی تا قەرەتەپەش دەڕۆن.
بۆکان عەمینی تەمەن 39 ساڵ دانیشتوویەکی قەزای کفریە، دوای بەتەمەن چوون و پەک کەوتنی دایکی کە زیاد لە 30 ساڵ سەرقاڵی دروستکردنی تەنوری قوڕ بووە، ماوەی چوار ساڵە دەستی بە دروستکردنی تەنوری قوڕ کردووە و لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان پەیدا دەکات.
وەرزی زستان بەهۆی بارانبارین و کەمی تینی خۆرەوە کارەکەی بۆکان زەحمەتتر دەکات، لە وەرزی زستاندا تەنیا توانای تەواوکردنی دوو بۆ سێ تەنوری قوڕی هەیە لە هەفتەیەکدا، بەڵام لە هاویندا هەفتانە شەش تەنور تەواو دەکات.
بۆکان سێ جۆر تەنوری بچوک و گەورە و مامناوەند دروست دەکات، کە نرخەکانیان لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار دینارە.
ئەو تەنورچییە لەبارەی خواستی هاوڵاتیان بەرامبەر بە تەنوری قوڕ، بۆ 964 دەڵێت، خەڵک زیاتر حەزی لە نانی تەنورە وەک لە نانی غاز، ئاماژەش بەوە دەکات کە بەهۆی قەیرانی سوتەمەنییەوە هاوڵاتیان زیاتر تەنوری قوڕ دەکڕن چونکە مەسرەفی نییە.
وەک خۆیشی دەڵێت، ئەو قوڕەی کە تەنورەکەی پێ دروستدەکات خۆڵی کفرییە و بەجۆرێک دروستیان دەکات کە لە سلێمانی و تەواوی گەرمیان و تا قەرەتەپەش داواکاریی لەسەرە.
سەرباری تەمەندرێژییەکەی و بەرەو لەناوچوونی پیشەیی تەنورچییەتی، بەڵام بۆکان دەیەوێت ئەو پیشەیە زیندوو بکاتەوە و لە قەزای کفریشدا یەکەم کەسە کە بەو پیشەیەوە سەرقاڵ بێت.