داواکارییەک بۆ حکومەت

نرخی مریشک دابەزیوە و عەلەفیش بەرزبووەتەوە

964+

فەرهاد حەسەن

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داواکارییەکیان ئاڕاستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی جدی بکەن بۆ بەرهەمهێنانی عەلەف، چونکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کراوەتەوە.

نازم عبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی ئەم داواکارییەی بۆ گروپی میدیاکاران ناردووە و دەڵێت، لە ماوەی رابردودا بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی مریشکی زیندوو لە ناو هۆڵەکانی بەرهەمهێنان، خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری بوونەتەوە، چونکە نرخی مریشک روو لە دابەزینە، نرخی خواردنی مریشک (عەلەف) لە کارگەکانی دروستکردنی عەلەف بەردەوام روو لە گرانبوونە، کە زۆربەی ئەو عەلەفانەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێن بەرهەمی پێشوترن.

وەکو کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بەپێویستیان زانیوە، داواکاری ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بە تایبەتیش دەزگاکانی چاودێریکردنی بازاڕ، کە هەستن بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی جدی بۆ کەرتی بەرهەمهێنانی عەلەف، چونکە دەڵێت “لەبەر ئەوەی نرخی عەلەف لە کارگە ناوخۆییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کراوەتەوە، لە کاتێکدا نرخی مریشک هەروەک خۆی جێگیرە و بەردەوام روو لە هەرزانبوونە”.

دەشڵێت “تێچوی هەر کیلۆیەک مریشک لە 70% بە عەلەف دەدرێت و نرخی عەلەف لەماوەی چەند رۆژێکدا 100 هەزار دینار گرانبووە و رۆژانە بەرەو گرانتریش دەڕوات”.

بەپێویستی دەزانێت، چاودێری نرخی عەلەف بکرێت و نرخێکی گونجاویش بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان دیاریبکرێت، چونکە “ئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت زیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە کەرتی پەلەوەری و خاوەن کێڵگەکان”.