دەتوانن لە ناوەکانتان دڵنیا ببنەوە
لە بەرنامەی کارتی خۆراك بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵەی ناوەکان راستدەکرێنەوە
964+
فەرهاد حەسەن
گروپی کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک، چارەسەرکردنی کێشەیەکی گەورەی هاوڵاتیان لە تۆمارکردنی ناوەکانیان ئاشکرا دەکات و دەڵێت لەمەودوا لە بەرنامەی کارتی خۆراك هەڵەی ناوەکان دووبارە نامێننەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی راستدەکرێنەوە.
فەرمانگەی پسولەی خۆراکی ئیدارەی راپەڕین ئەم هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو کەسانەی پێشتر لە بەرنامەی کارتی خۆراك (البطاقة التموینية) زانیاریەکانیان نوێدەکردەوە بەڵام بەهۆی هەڵەی بەرنامەکە و تەکنەلۆژیای (NFC) هەڵەی ناو دروست دەبوو یاخود هەندێك پیتی ونبوو بە ناویانەوە دەردەکەوت و چاك نەدەکرا، ئێستا ناوەکانیان بەپێی ناوی سەر کارتی نیشتمانی، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، راستکراونەتەوە .
ئەوەی پێشتر هەڵە لە ناوەکەیدا هەبوو ئێستا دەتوانێ لە ناو بەرنامەکە سەیری ناوەکانی بکات و زانیارییەکە پشتڕاست بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ناوێك بە بەر ئەو هەڵمەتی چاککردنەوەیە نەکەوتبێت لە داهاتوو خزمەتگوزاری چاککردەنەوەی هەڵەی ناو بەردەست دەبێت بە پارە ئەوکات دەتوانن ناوە هەڵەکان چاكبکەنەوە .
داواش لە هاوڵاتیان دەکات بەتایبەتیش ئەوانەی لە داهاتوودا هەر داواکاریەك پێشکەش دەکەن وەك لابردنی بلۆك یاخود زیادکردنی منداڵ تکایە بە وردبینیەوە ئیشی لەسەر بکەن ئەگەر ناوێك هەڵەبوو چاکی بکەنەوە پێش ناردن چونکە هەر ناوێك بە هەڵە ناردرابێت، دەبێ لە داهاتوو بە پارە چاك بکرێتەوە.