"بەقاڵەکانیش وەزعەکە ئیستغلال دەکەن"
سەوزە و میوە لە عەلوەی هەولێر سێ هێندە گران بوون
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
دوای سەرهەڵدانی شەڕ و راوەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکان، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان سەوز و میوە و پێداویستی رۆژانە گران بوون و لە عەلوەی هەولێری پایتەختیش نرخەکان بۆ سێ هێندە و زیاتریش بەرزبوونەتەوە.
جەلال ئەحمەد بەقاڵە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەوە دەڵێت، “هەموو شتێک گرانبووە، پێشتر لە عەلوە کیلۆیەک تەماتە بە روبعێک بوو ئێستا بووەتە 700 دینار، خەیار بە 300 دینار بوو، ئێستا بە هەزار و روبعێکە، باینجان بە 300 دینار بوو و کەس نەیدەخوارد، ئێستاکە بە هەزار و روبعێک لەسەر بەقاڵ دەکەوێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەوزە و میوە و بەتایبەتیش تەماتە و بیبەر بۆ ناوچەکانی دیکەی خوارووی عێراق دەڕۆن، بۆیە یەکجار ئاوا گرانبوون.
جەلال ئەحمەد کە خۆی بەقاڵە نەیشاردەوە کە زۆربەی بەقاڵەکان وەزعەکە ئیستغلال دەکەن، قەناعەتیان نییە و بەرهەمەکانیان بە گران دەفرۆشن.
بارزان سیامەندیش کە کاسبکارە لەناو عەلوەی هەولێر، دەڵێت، “ئێمەش بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەگران دەکڕین، بۆیە ناچارین بە گران بیفرۆشینەوە، لەگەڵ ئەو وەزعەی هاتووەتە پێش، بازاڕمان زۆر کز بووە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری