لە کۆگاکەیەکی نێوان خورماتوو - داقوق
چەند کەرەستەیەکی موشەک هاویشتن دەستی بەسەرداگیرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەسەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا و لە سنووری نێوان خورماتوو بۆ داقوق، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر چەند کەرەستەیەکی موشەک هاویشتندا گرت و تائێستاش هیچ کەسێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر نەکراوە.
مەحەمەد عەبدوڵا بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی خورماتوو بە 964ـی وت، “دوای بەدەستهێنانی زانیاری وردی هەواڵگری لەبارەی بوونی کۆگایەک لەسەر رێگای نێوان خورماتوو – داقوق، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 6.3.2026 هێزێکی ئەمنی هاوبەش چوونەتە شوێنەکە و دەستیان بەسەر چەند کەرەستەیەکی موشەک هاویشتندا گرتووە کە هێشتا سەریەک نەخراون و وەک ئامادەکاری دانرابوون”.
“ئەو کۆگایە ماوەی ساڵێکە کەسی تێدانییە و چوڵکراوە، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەو کەرەستانە براونەتە ئەوێ و بەنیازبوونە لە ماوەکانی داهاتودا بۆردومانی ناوچەکانی پێ بکەن”، محەمەد عەبدوڵا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرنەکراوە و هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵیان گرتووەتەبەر بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری