کورسییەکەی خامنەیی بۆ کێ دەىێت؟
چوار کەسایەتی بە بیرکردنەوەی جیاوازەوە خواستی بوون بە رێبەرییان هەیە
964+
فەرهاد حەسەن
لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، داهاتووی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن دەبێت؟ ئایا هەر لەسەر رێچکەو رێڕەوەکەی رێبەری پێشوو دەمێنێتەوە، یاخود گۆڕانکاری بەسەردادێت، بۆ ئەم مەبەستە چوار کەسایەتی هاتوونەتە پێشەوە و باسیان دەکرێت بۆ ئەوەی یەکێک لەوان بچێتە سەر کورسییەکەی رێبەری پێشوو و لەم دۆخە هەستیارەدا، وڵات بەرەو دەربازبوون دەبات یان درێژە بەو رووبەڕووبوونەوانەی ئێستا دەدات؟
رۆژنامەی تەلیگراف، ووردەکاری ئەم چوار کەسایەتییەی باسکردووە، هیچ یەکێک لەوانەش بۆچوون و تێڕوانیان بۆ داهاتووی وڵات وەکو یەک نییە و جیاواز بیردەکەنەوە.
لە تاران تاوەکو ئێستا بڕیار بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەیی یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام قسە و دەنگۆکان چونەتە سەر ئەم چوار کەسایەتییە و لەهەموو لایەکەوە باسیان دەکرێت. کە ئاخۆ کێ کورسییەکەی رێبەری وڵات مسۆگەر دەکات؟
یەکەمین ناو کە باسی دەکرێت، عەلی رەزا ئەعرافییە، کە ئەندامی ئەنجومەنی دەسەڵاتی کاتی ئێرانە، وا باسیدەکرێت کە کەسایەتییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکان بەدەستوبردە و مەیلی گەڕانەوەی هەیە بۆ رێچکەی کاری دیبلۆماسی و هەمیشە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ بۆ وەستاندنی کێشە پەنگخواردوو و ئاڵۆزەکان.
بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا ناوێکی دیکە باسدەکرێت کە بۆچوونەکانی تەواو جیاوازن لە ئەعرافی، ئەویش محەمەد مەهدی مێرباقڕییە، کە نوێنەرایەتی رەوتی تووندڕەوەکانی ناو ئێران دەکات و پێیوایە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رۆژئاوا کارێکی حەتمیەو پێویستە بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەی بکرێت، بیرکردنەوەکانی وایە کە بەوشێوازەی خۆی وڵات بەرەو کەناری ئارامی ببات جا چ بەها و قوربانییەکی لەپێناودا بدرێت.
پێشنیار بۆ ناوی سێیەم (سادیق لاریجانی)یە، هەروەکو تەلیگراف وەسفی کردووە کەسایەتییەکی براگماتیکییە و نیەتی ئەوەیە کە ئیدارەی کێشە و قەیرانەکانی ئێستای وڵاتەکەی بدات بۆ هێشتنەوەی سیستمی حکومڕانی و ئەم رووبەڕوو بوونەوانەی ئێستاشی لێ دوور بخاتەوە.
باسکردن لە ناوی کەسایەتی چوارەم زۆر کاریگەرە، چونکە موجتەبای خامنەییە کوڕی رێبەری پێشوو، رۆژنامەی تەکیگراف وا باسی کردووە کە بەدەستهێنانی کورسییەکەی باوکی واتا گشتاندنی سیستمی سەربازی و عەسکەرتارییەت لەسەرتاسەری وڵاتدا، بەڵام شتە ترسناکەکەی ئەم کەسایەتییە لێرەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو وەکو رۆژنامەکە باسی کردووە، شکستی دوای جێگرتنەوەی خامنەیی دەرگایەکی مەترسیدار بەڕووی ناوخۆی ئێراندا دەکاتەوە، ئەویش ترازانێکی تەواو و جیاکردنەوەیەکی فیعلی لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا دروستدەکات.
بەکورتی، ئێرانی ئەمڕۆ بەتەنیا لە بەرامبەر شەڕێکی فراوانی دەرەکی نەوەستاوەتەوە، بەڵکو لەبەردەم پرسگەلێکی گرنگتر لەوە، ئەویش وێناکردنی دەسەڵات و حوکمڕانێتی ئێرانە لە دوای خامنەییەوە.