"بە سێ موشەک هێرش کراوەتەسەرمان"
پێشمەرگەیەکی “پاک” گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) دەڵێت، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا پێنج جار بنکە و بارەگا و کەمپەکانیان بۆردومان کراوە و ئەمڕۆش پێشمەرگەیەکیان گیانی لەدەستداوە و سێی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.3.2026 لە ناحیەی دێگەڵە هێرشکرایە سەر کەمپی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) کە حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خەلیل نادری وتەبێژی حزبەکە بە 964ـی وت، “کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سێ موشەک هێرشکرایەسەر کەمپی پاکشار، کە لە بنەڕەتدا کەمپی بنەماڵە و خەڵکی سیڤیلی ئێمەیە، بەڵام چەند پێشمەرگەیەکی لێیە بۆ پاراستنی شوێنەکە”.
“لە ئاکامی هێرشەکەدا هەڤاڵێکمان شەهیدبوو و سێ پێشمەرگەی دیکەش بەسووکی برینداربوون”، خەلیل نادری وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر سێ موشەکەکە بەر یەک بینا و یەک شوێن کەوتوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری