نوری مالیكی
بازەکە لەسەر شانى سوودانى دەنیشێتەوە؟
مالکى بە بیانووى “بەڕۆژووبوونەوە” بەشدارى کۆبوونەوەکەى نەکرد
964+
وریا فەتاح
سەرچاوەیەکی بەرپرس و باڵا بە 964 عەرەبى راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەک چڕوپڕى چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆشکی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران کۆتایی هات و نوری مالیکی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت بڕیاری دا بایۆکۆتی بکات.
964 عەرەبى لە سەرچاوەکەى زانیویەتى، نوری مالیکی بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد و عوزری هێناوەتەوە کە “بەڕۆژووە و کەمێک ماندووە”.
وەک سەرچاوەکە باسى دەکات، مالیکی جەختی کردووەتەوە لە کاندید بوون و رەتیدەکاتەوە هیچ بەیاننامەیەک بۆ کشانەوەی کاندیدکردنی دەربکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراى کرد، مالیکی پێشنیازی بۆ ئەندامانی چوارچێوە کردووە کە ئەوان بەیاننامەیەک دەربکەن و تێیدا کشانەوەی کاندیدکردنی رابگەیەنن، وتوشیەتى “دژی ئەوە ناوەستم، چونکە بڕیارەکە بڕیاری کوتلەی گەورەیە و دژایەتی ناکەم”.
سەرەڕای تێپەڕبوونی 6 کاتژمێر، چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ بەیاننامەیەکی لەسەر کۆبوونەوەکەی کاتژمێر 4:00ی ئێوارە دەرنەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت پێش نیوەشەو بەیاننامەیەک دەربچێت.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە بڵاوکردنەوەی وتارێکی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، کە تێیدا باسی لەوە کردووە دادگای فیدراڵی لێکدانەوەی خۆی بۆ “کوتلەی گەورە” هەموار کردووەتەوە و مافی پێکهێنانی حکومەتی داوە بەو لایەنەی زۆرترین کورسیی بردووەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی چانس بۆ محەمەد شیاع سوودانی کە هاوپەیمانێتییەکەی زۆرترین کورسیی هەیە.