خەریکە ترەمپ هەڵوێستی دەگۆڕێت:

“ژمارەیەك لەو كەسانەی سەركردایەتی ئێرانیان دەوێت، کەسانی باشن”

964+

فەرهاد حەسەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، كۆمپانیاكانی چەك خەریكی دروستكردنی چەك و تەقەمەنی زیاترن و هێزەكانی ئێرانیش خەریكە تەقەمەنیان نامێنێت، لەبارەی ئایندەی ئەو وڵاتەشەوە دەڵێت، “ژمارەیەك لەو كەسانەی كە سەركردایەتی ئێرانیان دەوێت، کەسانی باشن”.

ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە نزیکەی چوار خولەکی خایاندووە لەگەڵ رۆژنامە “پۆلیتیکۆ“ی ئەمریكی قسەی کردووە، ئاماژەی بەوەکرد کە توانای سەربازیی تاران بەردەوام لە کەمبونەوەدایە، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی ئێران بەردەوام بن لە هەڵدانی موشەک.

ترەمپ وتویەتی “چەکەکانیان خەریکە تەواو دەبێت و شوێنی تەقاندنیشیان لێ دەبڕێت، چونکە خەریکە تێکدەشکێنرێن. سەکۆکانی هەڵدانی موشەکیان لێدەبڕێت”، لەكاتێكدا كۆمپانیاكانی چەك لە ئەمریكا خەریكی دروستكردنی چەك و تەقەمەنی زیاترن.

لەبارەی ئایندەی ئێران و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەشەوە، ترەمپ ئەوەشی بە رۆژنامە ئەمریكیەكە وتووە، “ژمارەیەك لەو كەسانەی كە سەركردایەتی ئێرانیان دەوێت، کەسانی باشن و گونجاون بۆ ئەو ئەركە”.

ئەم جەختکردنەوەیەی ترەمپ، لە کۆنگرەی رۆژی دووشەممەی پێنتاگۆن یاخود لەلایەن هیچ بەرپرسێکی دیکەی ئیدارەکەوە بە ئاشکرا باس نەکرابو، لێدوانەکانی سەرۆک لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان بۆ بەردەوامی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ئامادە دەکەن، کە لە دوای هەڵگیرسانی ململانێکان لە سەرەتای رۆژی شەممەوە، بە چەندین شەپۆل وەڵامی داوەتەوە.