دهۆک.. 20 پرد مەترسی رووخانیان لەسەرە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لەو 30 پردەی دەکەونە سەر رووباری هیشکەڕوو کە بۆ پەڕینەوەی هاوڵاتیان دروستکراون، 20یان مەترسی رووخانیان لەسەرە.
رووباری هیشکەڕوو کە درێژییەکەی 15 کیلۆمەترە بەشی زۆری ئاو و ئاوەڕۆی دانیشتووانی دهۆکی پێدا تیدەپەڕێت و دەچێتە دەرەوەی شار.
پردەکان هیچ راگرێکیان نییە، بۆیە بەپێی تێپەڕبوونی کات و بوونی باران و لافاو ئەملاو ئەولایان داڕووخاون و ئێستا پردەکانیش مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
ئاوات دەروێش، قوتابی قۆناغی 10ی بنەڕەتییە و ماڵیان نزیکی رووبارەکەیە، بۆ 964ـی روون کردەوە، کە وەرزی بارانبارین کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێت و لە ترسی رووخانیان ناوێرن بەسەر پردەکەدا هاتووچۆ بکەن.
ساڵی رابردوو کەسێک لە یەکێک لە پردەکان کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە، ئەمساڵیش تا ئێستا حاڵەتی مردن نەبووە، بەڵام زیاد لە سێ کەس کەوتوونەتە رووبارەکەوە و رزگار کراون.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ـی راگەیاند: بەشێک لە پردەکان نۆژەن کراونەتەوە، “بەڵام بودجەی پێویست بەردەست نییە و داوامان کردووە دابین بکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەیان”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد