دوو بریندار هەیە
فڕۆکەیەک تەنێکی نامۆ لە میقدادییە دەخاتە خوارەوە؛ 3 کەس کوژران
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
وتەبێژی پۆلیسی دیالە رایدەگەیەنێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کێڵگەیەکی میقدادییە فڕۆکەیەکی نەناسراو تەنێکی خستووەتە خوارەوە و تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
عەمید هەیسەم شەممەری، وتەبێژی پۆلیسی دیالە بە 964ـی وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگێکی بەهێز ناوچەکەی هەژاند، دوای گەیشتنی هێزەکانمان دەرکەوت فڕۆکەیەکی نەناسراو تەنێکی لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵی خستووەتە خوارەوە.
تەنەکە لەکاتی بەرکەوتنی بە زەویدا راستەوخۆ تەقیوەتەوە، وەک ئەوەى وتەبێژى پۆلیس دەڵێت: لەو کاتەدا پێنج هاوڵاتی لە نزیک شوێنی ووداوەکە بوون و بەهۆی تەقینەوەکەوە سێ کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندارن.
تەرمەکان و بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی میقدادییە کراون و تا ئێستا ناسنامەی فڕۆکەکە و لایەنی ئەنجامدەر دیار نییە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح