نیگەرانن لە دەنگۆکان

لەبارەى مریشکى سپى وەزارەتى کشتوکاڵ روونکردنەوەیەکى بڵاو کردەوە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری دەداتە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان، کە بە هیچ شێوەیەک دەرمانی ڤێتێرنەری و فاکسینی قەدەغەکراو بەکارنەهێنن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.

وەزارەتەکە روونکردنەوەیەکى لەبارەى ئەو دەنگۆیانەوە بڵاوکردەوە کە لەبارەى مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە دەوترێت و دەڵێت: لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی “فاکسینی قەدەغەکراو” لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووەتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ و متمانەی هاوڵاتیان بە گۆشتی مریشک دروست کردووە.

وەک ئەوەى وەزارەتەکە باسى دەکات، سەرجەم خاوەن پڕۆژەکانی ئاژەڵی، پەلەوەر، ماسی و کۆمپانیاکانی دەرمان ئاگادار کراونەتەوە کە پابەندی رێنماییەکانی ژمارە (1) و (4)ی ساڵی 2022 بن.

جەختیش دەکاتەوە، هەر لایەنێک پابەند نەبێت بە لیستی دەرمانە رێپێدراوەکان، رێکاری یاسایی و کارگێڕی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و تەندروستی هاوڵاتیان.

داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن و دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەکرێت، هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و هاوکار بن لە ناساندنی ئەو کەسانەی سەرپێچی یاسا دەکەن و زیان بە بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنن.

“کەرتی پەلەوەر سەرچاوەیەکی گرنگی بژێوی هەزاران کەسە و رێگە نادەین بەکارهێنانی دەرمانی نایاسایی ئەم کەرتە و تەندروستی گشتی بخاتە مەترسییەوە.” وەزارەتى کشتوکاڵ وا دەڵێت.

"مریشک بخۆن و هیچ ترسی ناوێ"