کەرکوک
خێوهتی ناڕەزایەتییەكانی گەڕەكی نەورۆز هەڵگیرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راگەیاندراوێک بە ناوی هاوڵاتیانی گەڕەكی نەورۆزی شاری کەرکوک بڵاوكرایەوە و رایدەگەیەنن، كە مانگرتنەكەیان كۆتایی هات و خێوەتەکانیشیان هەڵدەگرن.
راگەیاندراوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.2.2026 كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە و ئاماژە بەوە كراوە، كە كێشەكەیان بە هیممەتی پارێزگاری کەرکوک چارەسەر بووە.
دەقی راگەیاندراوەكە بەم جۆرەیە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
كەركوكیانی ئـازیز ، هاونیشتمانیانی خۆشەویست…
ئەمڕۆ، دوای دوو ساڵ و دوو مانگ لە خۆڕاگری، لەناو سەختی و سەرما و گەرمادا، دوای هەڵدانی خێوەتی ناڕەزایەتی دژی داگیرکردنی ماڵ و حاڵمان و دژی سەپاندنی عەسکەرتارییەت بەسەر گەڕەکەکەماندا، وەکو دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز ڕایدەگەیەنین کە کۆتایی بە مانگرتنەکەمان دەهێنین و خێمەی ناڕەزایەتییەکەمان هەڵدەگرین.
چارەسەركردنی كێشەی گەڕەكەكەمان و گەیشتن بەم دۆخەی ئـەمڕۆ، بەرهەمی دانایی و بەرپرسیاریێتی و هیمەتی بەڕێز (کاک ڕێبوار تەها) پارێزگاری کەرکوک بوو، کە بە شێوەیەکی مەیدانی هاتە گەڕەکەکەمان و پاش پەیوەندیكردن بە سوپاسالاری عێراق توانی کۆتایی بەو دۆخە نائاساییە بهێنێت کە زیاتر لەدوو ساڵ باڵی کێشابوو بەسەر گەڕەكەكەماندا. بۆیە لێرەوە بەناوی هەموو خەڵکی گەڕەکی نەورۆزەوە، سوپاس و پێزانینی بێپایانمان ئاڕاستەی جەنابیان دەکەین کە سەلماندی پارێزگاری هەموو پێکهاتەکانە و پارێزەری مافی هاوڵاتیانە.
هەروەها سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو وەزیر و پەرلەمانتار و ئـەندامانی ئـەنجومەن و کەسایەتییە نیشتمانی و هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە دەكەین کە لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی نەورۆزیان بە کێشەی خۆیان زانیووە و لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانمان.
لێرەشەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسێكی تایبەتی خوشک و برا ڕۆژنامەنووسەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بكەین، کە لە ماوەی ئەم 26 مانگەدا، لە کاتە هەرە سەختەکاندا، گەڕەکی نەورۆزیان چۆڵ نەکرد و بوونە هۆكاری گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ئێمە بەهەمووان و بەگیانێكی بەرپرسیارانەوە ڕاستییەکانیان دەگواستەوە.
لەكۆتاییدا دەڵێین نەورۆز وەک هێمایەک بۆ خۆڕاگری دەمێنێتەوە، و کەرکوکیش بە یەکڕیزی و پێکەوەژیان و سەروەری یاسا ئاوەدانتر دەبێت.
دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز – کەرکوک
كێشەكە چی بوو؟
زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر، لە دژی هاتنی سوپا بۆ ناو چەند خانوویەکی گەڕەکەکەیان و داگیركردنی، دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکوک چادریان هەڵدا و دەستیان بە مانگرتن کرد و تا پێش ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ بەردەوام بوون، سەرەڕای فشاری زۆر و تەقەلێكردن و گێچەڵی زۆر، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر مافی خۆیان و چۆڵكردنی خانووە داگیركراوەكان لە لایەن سوپای عێراقەوە.