کۆبوونەوەیەکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران - وێنە: KRG
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەیە
ئەمڕۆ باسی موچە، چاكسازییەكانی پێشمەرگە و سزاكانی هاتوچۆ دەکرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ چوارشەممە 25.2.2026 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە و سێ بڕگەی سەرەكییش بۆ كۆبوونەوەكە هەن.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، لە بڕگەى یەکەمدا بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دواهەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێم و خەرجکردنی موچەی موچەخۆران و بەدواداچوونی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم لەبارەی پابەندیی دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم لە بەرامبەر یەکتر گفتوگۆ دەکرێت.
هەروەها هاتووە، لە بڕگەی دووەمدا، هەنگاوەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە کەوتنەبواری جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ دەکرێ.
لە بڕگەى سێیەمدا، گفتوگۆ دەکرێت لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (282) لە رێکەوتی 18ی حوزەیرانی 2025، تایبەت بە لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی (20%) بۆ شەش مانگی دیکە تا 30ی حوزەیرانی 2026.