سەرپەرشتیاری MBC بۆ 964: هیچ بڕیارێک بۆ راگرتنی پەخشکردنی نەدراوە

“حەمدیە” لە عێراق هەرای ناوەتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرپەرشتیاری کەناڵی MBC عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە بۆ راگرتنی پەخشی درامای حەمدیە، دوێنێ ئێوارەش یەکەم ئەلقەی دراماکە پەخش کرا.

ئەوس ئەلشەرقی بۆ تۆڕی 964 روونیکردەوە، “هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن دەستەی راگەیاندنی عێراقەوە نییە بۆ قەدەغەکردنی پەخشی درامای حەمدیە”.

راشیگەیاند، کەناڵەکەیان ئامادەیە هاوکاری دەستەی راگەیاندن بکات و دەستەکەش کارەکەیان بینیوە.

سەرپەرشتیاری کەناڵی MBC عێراق دەڵێت، “دراماکە هیچ سەرپێچییەکی بۆ سەر هیچ مەزهەب و باوەڕێکی دیاریکراو تێدا نییە، هەروەها هیچ بێڕێزییەکی بەرامبەر ژنانی عێراق تێدا نییە، کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین، ئەوەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە هیچ بنەمایەکی راستی نییە”.

شەوی رابردوو ئەڵقەی یەکەمی زنجیرە درامای حەمدیە لە کەناڵی MBC عێراق پەخشکرا، بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر کەناڵە بۆ مانگی رەمەزان رایگەیاندبوو.

دوێنێ چوارشەممە، پەرلەمانتار عەلی کینانی رایگەیاند، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی پەخشی زنجیرەی “حەمدیە”ی لە کەناڵی MBC عێراق داوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کارە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سووکایەتی و شێواندنی وێنەی ژنانی عێراقی و هاندانی ململانێی تائیفی.

ئەلکینانی لە پۆستێکی فەیسبووکدا، کە لەلایەن تۆڕی 964 بینراوە، روونیکردەوە، کە “نامەیەکی فەرمی بۆ دەستەکە ناردووە و داوای کردووە زنجیرەکە بوەستێنرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت”.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە “دیمەنی ناشایستە و ناشیرن پێشاندانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی عێراقی تێدایە، جگە لەوەی نەیتوانیوە رەچاوی پیرۆزیی مانگی رەمەزان بکات”.

ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا هیچ راگەیاندراوێکی فەرمی لەلایەن دەستەی راگەیاندنی عێراقەوە دەرنەچووە، کە قەدەغەکردنەکە پشتڕاست بکاتەوە.

کێشەکە چییە؟

درامای حەمدیە لە رۆمانێکی نووسەری عێراقی قەدوری ئەلدورییە، باس لە کچێک دەکات کە ناوچەیەکی باشووری عێراق دووچاری زەحمەتی و مەینەتییەکانی ژیان دەبێتەوە، دوای ئەوەی دایکی دەمرێ و باوکی ژنێکی دیکە دەهێنێت، دواتر لە ماڵی خاڵی دەبێ و لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی مەهدی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتەسەر و دواتر گەشتی خەم و ئازارەکانی دەستپێدەکات.

دراماکە هەرکە ترایلەرەکەی بڵاوکرایەوە، کاردانەوە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و خەڵکانێک داوای راگرتنی پەخشکردنی دەکەن.

به‌رهه‌مهێنه‌ری درامای

به‌رهه‌مهێنه‌ری درامای "تاران" به‌ مردوویی دۆزرایه‌وه‌