لەلایەن وەزارەتی کارەباوە
دوایین داتای پسوولەکانی رووناکی و پاڵپشتییەکان بۆ وەرزی زستان راگەیەندرا
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی کارەبای هەرێم دەڵێت، خۆشحاڵە بە راگەیاندنی پاڵپشتی بۆ هاوبەشانی ماڵان و داتای دوایین پسوولەکانی کارەبای پڕۆژەی رووناکی و ئاشکراشی دەکات کە لە پڕۆژەی رووناکی نیوەی ماڵان لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 73هەزار دینار و 80٪ی ماڵانیش لەسەر دوایین پسوولەی کارەبا کەمتر لە 160هەزار دینارییان بۆ هاتۆتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نرخەکانی کارەبا نەگۆڕاون. هەر گۆڕانکارییەک کە دەکرێت پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک پاڵپشتییەک و هاوکارییەک بۆ هاوبەشانی ماڵان، تاوەکو رێکەوتی 12.3.2026، هەر بڕە پارەیەک کە هاوبەشان لە رێگەی سەکۆی “ئی-پسوولە”ـوە بیدەن، ئینجا پارەی رووناکی بێت یاخود قەرزی کۆن، ئەوا رێژەی %20 ئەو بڕە پارەیان، لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو کەمدەکرێتەوە.
وەزارەتەکە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ رای گشتی، زانیاری ورد لەسەر دوایین پسوولەی هاوبەشانی ماڵان لە تەواوی کوردستاندا دەخاتە روو ؛
زۆربەی هاوبەشانی ماڵان لە سەرانسەری کوردستان لەخوولێکی کارەبا کە تێکڕای ڕۆژەکانی بریتیە لە 45 رۆژ کەمتر کارەبا و پارەیان بەکارهێناوە و بۆ گەڕاوەتەوە لە:
*کوردستان:*
– 50% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە (73 هەزار دینار)یان بۆ گەڕاوەتەوە بە تێکڕا (853 کیلۆوات کاتژمێرییان) بەکارهێناوە
– 80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە (160 هەزار دیناریان) بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا ( هەزار و469 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
هەولێر:
هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 83 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا 958 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 177هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا هەزار و 569 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
سلێمانی:
هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 54 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا 661 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 118هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا هەزار و 195 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
دهۆک:
هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 102 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا هەزار و 061 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 224 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەو، بە تێکڕا هەزار و759 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
هەڵەبجە:
هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 42 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا 540 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە
80% هاوبەشانی ماڵان لە پڕۆژەی رووناکی کەمتر لە 81هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، بە تێکڕا 906 کیلۆوات کاتژمێرییان بەکارهێناوە.
گەڕانەوەی پارەیەکی زۆری پسوولەکانی کارەبا لەم زستانەدا بە گشتی بۆ ئەم دوو هۆکارە دەگەڕێتەوە:
یەکەم؛ تێکڕای خولی پسوولەی کارەبا بەتێکڕا بریتی بوو لە 45 رۆژ، خولێکی درێژتری پسوولە رەنگدانەوەیە بۆ ماوەی بەکارهێنانی کارەبای زیاتر بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە نرخەکانی کارەبادا رووبدات، بۆ نموونە، 400 کیلۆوات کاتژمێری یەکەم لە هەر 30 رۆژێکدا بە 72 دینار\کیلۆوات کاتژمێر ئەژماردەکرێت. هەروەها، ئەگەر خولی پسوولە درێژ ببێتەوە بۆ 45 رۆژ، 72 دینار\کیلۆوات کاتژمێر بۆ 600 کیلۆوات کاتژمێر ئەژماردەکرێت.
لە هەردووک حاڵەتدا هاوبەشانی ماڵان هەر خوارترین ئاستی بەکارهێنانی کارەبایان بۆ ئەژماردەکرێت.
دووەم؛ بەکارهێنانی زۆری کارەبا، بە دیاریکراوی بەراورد بە وەرزی زستانی ساڵانی پێشووتر، سەرمای نائاسایی لەم زستانەدا وایکرد خەڵک زیاتر پشت ببەستێت بە گەرمکەرەوە کارەباییەکان، یەکەم زستان بوو کە زۆربەی هاوبەشانی ماڵان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری بوون و پێویستییان بە کاتی زیاترە بۆ ئەوەی لەگەڵی بگونجێن.