دوزەن تەکاڵ لێى دەپرسێت
لیندسی گراهام: خیانەت لە کورد ناکەین
964+
وریا فەتاح
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دوزەن تەکاڵ، چالاکوانی دیاری کورد، سیناتۆر لیندزی گراهامی دەربارەی داهاتووی کورد و ئەو “خیانەتەی” باس دەکرێت هێنایە دەنگ.
دوزەن تەکاڵ کە بە رەچەڵەک کوردی ئێزدییە و رۆڵێکی کاریگەری لە رێکخستنی دیدارەکانی مەزڵوم عەبدی و لۆبیکردن بۆ دۆزی کورد لە ئەوروپا و ئەمریکا هەبووە، رووبەڕوو لە گراهامی پرسی: “زۆرێک لە کورد و ئێزدییەکان هەست بە خیانەت دەکەن، چارەسەر بۆ داهاتوو چییە؟”
لیندزی گراهام، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە روونی رایگەیاند: “ئێمە خیانەت لە کورد ناکەین و پێشڕەویی هێزە توندڕەوەکانمان راگرتووە.”
گراهام ئاشکرای کرد کە یاسایەکی ئامادە کردووە بۆ سزادانی هەر وڵاتێک کە هاوکاری سەربازیی گروپە توندڕەوەکانی کردبێت بۆ سەر ناوچە کوردییەکان.
جەختی کردەوە کە دەبێت هاوپەیمانە کوردەکانمان لە هەسەدە، کە یارمەتیدەری سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی داعش، پێگەی فەرمییان لە سووریادا هەبێت.
گراهام وتی: “دەبێت کورد بپارێزین و ڕێگە نادەین سووریایەک بە هێزی چەک و گرووپە جیهادییەکان دروست بێت.”
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە، کە کوردانی رۆژئاوا بەهۆی گەمارۆ و هێرشەکانەوە لە دۆخێکی مرۆیی سەختدان و چاویان لە پارێزگاریی یاسایی واشنتۆنە.