هیچ پلانێک نییە بۆ سەوزکردنی شەقامی 120 مەتری هەولێر

964+

فەهمی نەبی

شەقامی 120 مەتری هەولێر کە درێژییەکەی 38 کیلۆمەترە و یەکێکە لە شەقامە سەرەکی و خێراکانی هەولێر، تا ئێستا ناوەڕاستی شەقامەکە و تەنیشتەکانی سەوزنەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ هیچ پڕۆژەیەک بڕیاری لەسەر نەدراوە، بۆ سەوزکردنی جەزرەی وەسەتی شەقامی 120 مەتری.

“جەزرەی وەسەتی” و هەردوو لای راست و چەپی شەقامی 120 مەتری هەولێر، تەنیا لە رێگەی بنەسڵاوە بۆ رێگەی پیرمام سەوز کراوە.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بە 964ی وت،   سەوزکردنی هێڵی ناوەڕاست یان جەزرەی وەسەتی ئەو شەقامە، پێویستی بە دانانی پلانە بۆ ئەوەی بخرێتە نێو پڕۆژەکانی ساڵەوە.

وتیشی، بۆ ساڵی 2023 هیچ پڕۆژەیەک نییە بۆ سەوزکردنی شەقامی 120 مەتری.

تەواوی شەقامی 120 مەتری هەولێر، 38 کیلۆمەترە و لە چوار هێڵی هاتن و چوون پێکدێت، لە ساڵی 2010 دەستکرا بە دروستکردنی و لە 2019 تەواوکرا.