پارێزگای هەولێر بڕیاری دا

دەوامی فەرمانگەکان لە رۆژانی رەمەزان کەم دەبێتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

بڕیاردرا لە مانگی ڕەمەزاندا، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کەم بکرێتەوە و دەوام لە کاتژمێر 9ـی بەیانییەوە دەست پێ بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جێگری پارێزگار، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بۆ ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە مانگی پیرۆزی رەمەزان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان کرا و بۆ ئەو مەبەستە 11 بڕیار دران.

پارێزگاری هەولێر جەختی لە توندکردنی چاودێری بازاڕ کردەوە. لیژنەکانی قایمقامیەت، بازرگانی و تەندروستی راسپێردراون کە رێگری لە هەر جۆرە گرانکردنی نرخ و یاریکردن بە بازاڕ بگرن. هەر کەسێک ئەم مانگە بقۆزێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخ، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

هەروەها بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییان، هەڵمەتێکی توند بۆ پشکنینی کۆگاکانی خۆراک و دەرمان و مارکێتەکان دەست پێ دەکات، هاوکات لە بازگەکانەوە چاودێری ورد دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوردەکردنی هیچ کەلوپەلێکی ماوەبەسەرچوو نەدرێت، پارێزگار رایگەیاند: تیمەکانی شارەوانی زیاتر لە رۆژانی ئاسایی کار بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکان دەکەن.

هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و هاتوچۆ لە شەوانی رەمەزاندا لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی ئارامی شار، وە بڕیاردراوە بازاڕی شەوانەی رەمەزان لە سەنتەری شار بە شێوازێکی رێکخراوتر و باشتر لە ساڵانی رابردوو بکرێتەوە، پارێزگای هەولێر باسی لەوەشکرد، لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزاندا، دەرگای مزگەوتەکان تا نوێژی بەیانی کراوە دەبن.

لە مانگی رەمەزان سێ لیژنەی بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکه...

لە مانگی رەمەزان سێ لیژنەی بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکه‌ن