وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق

رێگا نادرێت 16 جۆر بەرهەم لە كوردستانەوە بچێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەکردنی هاوردەکردنی 16 بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دووشەممە 9.2.2026 بڵاویكردەوە، هاوردەکردنی ئەم بەرهەمە کشتوکاڵییانە لە هەرێمی كوردستانەوە قەدەغەیە: “سێوی زەرد، مۆز، کیوی، ترێ، کانتالۆپ، کەرەوز، هەنار، تەماتە، پەتاتە، پیاز، نۆک، كودو (كودی)، بیبەری سەوز، باینجان و سیر”.

وەزارەتەكە دەڵێت، ئەم بڕیارە دوای چاودێریکردنی بازاڕەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەغدا و پارێزگاکانی تر لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ناو وەزارەتەوە دێت، لە چاودێریکردنەکەدا دەركەوتووە بڕێکی زۆر لەو بەرهەمانە لە دەرەوەی رێکارەکانی هاوردەکردن و بە نرخێکی رکابەر لەگەڵ بەرهەمە ناوخۆییەکان، سەرەڕای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بەهۆی زۆری بەرهەمی ناوخۆییەوە، هەندێک لەو بەرهەمانەش تەنانەت لە عێراقیشدا ناچێندرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “هەروەها دەرکەوتووە کە زۆربەی ئەو بەرهەمانە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بە ناوی “بەرهەمی ناوخۆیی” هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، هەرچەندە ئێستا لە پارێزگاکانی هەرێمدا بەرهەم ناهێنرێن و هەندێکیشیان بە هیچ شێوەیەک لەوێ هەر بەرهەم ناهێنرێن”.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە “قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی ئەو بەرهەمانە لە پارێزگاکانی هەرێمەوە تا بەرهەمهێنان لەناو هەرێم بەردەست دەبێت، بەمەبەستی دڵنیابوونیشە لە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و رێگریکردنە لە یاریكردن بە نرخەكان”.

چوار رۆژە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە دەیان بارەهەڵگری...

چوار رۆژە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە دەیان بارەهەڵگری بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم دەکرێت