"دوور دەخرێتەوە"

نێرگز محەمەدی بە حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا

964+

ئەحمەد مستەفا

دادگای ئێران سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەر نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ سەپاند.

بە قسەی پارێزەرانی نێرگز محەمەدی کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە، نێرگز لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە بە تۆمەتەکانی “کۆبوونەوە و تەبایی” سزای شەش ساڵ و بە تۆمەتی “چالاکی پڕوپاگەندەیی” دژی ئێران سزای ساڵێک و نیو زیندانی بۆ دەرکراوە.

هەروەها دادگا وەک سزای تەواوکاری، بڕیاری دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بۆ شارەدێی خووسف لە پارێزگای خۆراسانی باشوور دەرکردووە.

تەقی رەحمانی، هاوسەری نێرگز محەمەدی دەڵێ، بڕیارەکەی دادگا بێ بەزەییانە بووە و ئەم سزایە تەنیا بەهۆی بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پێشکەشکردنی وتارێک بووە.

نێرگز سەفیە محەمەدی، 51 ساڵ، چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤە، لەدایکبووی شاری زەنجانی ئێرانە و لە شارۆچکەی قوروەی پارێزگای سنە (کوردستان) گەورە بووە، هەروەها دەرچووی بەشی فیزیایە.

لە ساڵی 1999 لەگەڵ تەقی رەحمانی، کە ئەویش پێشتر چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی بووە لە ئێران هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵیان هەیە کە دوانەن.

نێرگز چی کردووە؟
ناوی نێرگز محەمەدی لە دەیەی رابردوودا وەک یەکێک لە راشکاوترین رەخنەگرانی حکومەتی ئێران بەدیارکەوت، پێشتریش وەک چاودێر و چالاکەوان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی ناسرابوو.

دەستپێکی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵانەی کە قوتابی زانکۆ بووە.

لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە لوتکەی چالاکیدا بووە لە چاودێریکردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەرگریکردن لە تۆمەتباران و زیندانیانی سیاسی.

وەک جێگری سەرۆک و وتەبێژی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی ئاشتی نەتەوەیی و ئەندامی هەڵمەتی هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی لەسێدارەدان کە بە (لگام) ناسرابوو، رۆڵی بینیوە.

لە ساڵانی رابردوودا بە هەڵوێستەکانی وەکو (پێویستی تێپەڕاندنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی و دیکتاتۆری دینی)، هەروەها (بایکۆتکردنی هەڵبژاردن)، گوڕوتینی بە چالاکییەکانی داوە.

محەمەدی لەو 15 چالاکە سیاسی و مەدەنیە ئێرانیەیە کە پێیوایە دەوڵەتی ئێران چاکسازی هەڵناگرێت و خوازیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەگەڵ ئەوەی لە زینداندایە، دەستی لە چالاکییەکانی هەڵنەگرتووە و چەندین جار لەزیندانەوە لە رێی نامەوە ناڕەزایی دژی دۆخی ژنانی زیندانیکراو بەتایبەت زیندانیانی سیاسی و ئەشکەنجەدانیان، دۆخی نەگونجاوی زیندانەکان و ئازاردانی بەهائیەکان دەربڕیوە.

هەروەها چەندین جار دژی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە گرتووخانەکان و تەنانەت لە شوێنی دەستبەسەرکردندا کاردانەوەی نواندووە و ناڕەزایەتی دەربڕیوە، لەم بارەیەوە نامەیەکیشی ئاڕاستەی جاوید رەحمان راسپێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ روونکردنەوەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ناردووە.

نێرگز دۆکیۆمێنتارییەکیشی بە ناوی ئەشکەنجەی سپی دەربارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستگیرکراو لە ئێران بەرهەمهێناوە کە لە پەرلەمانی ئەوروپا و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و ژمارەیەک لە چالاکانی مافی مرۆڤ نمایش کرا.

ئەم نامەیە و چەند بابەتێکی دیکە بوونە هۆی کرانەوەی پەڕاوێکی تازە بۆ محەمەدی لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە بە تۆمەتی پروپاگەندە دژی دەوڵەت.

تازەترین هەڵوێستیشی بۆ دۆخی ئارمیتا گراوند دەربڕیوە، ئەو کچە شانزە ساڵەی کە دەوترێت بەهۆی لێدانی پۆلیسی ئێران بەهۆی نەبوونی سەرپۆشەوە چووەتە دۆخی بێهۆشیەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بێدەنگ نەبن.

نێرگز و زیندان

نێرگز، ئەگەرچی پێشینەی دەستگیرکردنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی نەوەدەکان، بەڵام دەستبەسەرکردنی لە ساڵی 2010 کە لەوکاتەدا جێگری سەرۆک و وتەبێژی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێران بوو ناوی خستە ناو ناوانەوە.

یەکەمین ئەزموونی زیندانیکردنی محەمەدی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی قوتابی زانکۆ بوو لە نەوەدەکان، هەروەها لە ساڵی 2001 دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی کە رەحمانی هاوسەریشی تێدابوو ماوەیەک راگیرا.

دوای نارەزایەتیەکان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی 2009، سەرەتا دەرچوونی لە ئێران لی قەدەغە کرا و دواتر لە ساڵی 2010 دەستگیرکرا، بەڵام دوای توشبوون بە سستبوونی ماسولکە و ئیفلیجی کاتیی ئازادکرا.

دووبارە لە ئایاری 2012 دەستگیرکرایەوە، بەڵام دوای بینینی تیمی پزیشکی ئازادکرا.

جارێکی دیکە لە ساڵی 2014 دوای دیدار لەگەڵ کاترین ئاشتۆن، بەرپرسی ئەوکاتەی سیاسەتی دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا کە سەردانی تارانی کردبوو، دەستگیرکرایەوە، لە هەمان ساڵدا لە دادگایەکدا 16 ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

خراپی دۆخی تەندروستی نێرگز لەو ماوەیەی لە زینداندا بوو وایکرد چەندین جار ببرێتە بنکەی تەندروستی زیندان، سەرئەنجام لە ئۆکتۆبەری 2018 یاسای نوێی کەمکردنەوەی سزای گرتن گرتیەوە و ئازادکرا.

دواجاریش لە تشرینی دووەمی 2021ـەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی رژێمی ئێران، یاخیبوون لە سەرۆکایەتی دادگا و ناوزڕاندن، بە 80 جەلد و 30 مانگ سزادرا و تا ئێستاش لە زیندانە.

خەڵاتەکانی نێرگز

نێرگز پێشتر چەن خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە لەوانە خەڵاتی ئەلیکساندەر لانگەر لە ساڵی 2009، خەڵاتی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری لە 2016، خەڵاتی ساخارۆفی ئەنجومەنی فیزیای ئەمریکی لە 2018.

ئەمڕۆ هەینی 6.10.2023، بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەستنیشانکرا، کە دوووم ئێرانیە ئەم خەڵاتە وەردەگرێت لە دوای شیرین عیبادی کە ساڵی 2003 هەمان خەڵاتی بردەوە.

بەپێی راگەیەندراوی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ، نێرگز محەمەدی لە پای بەرەنگاربوونەوەی ستەم لە ژنانی ئێرانی و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی مافی مرۆڤ و ئازادی بۆ هەمووان شایستەی خەڵاتەکە بووە.

لیژنەی نۆبڵ پەیوەندی بە نێرگز محەمەدییەوە دەکات

لیژنەی نۆبڵ پەیوەندی بە نێرگز محەمەدییەوە دەکات