دووانیان بران
ئێران چوار كوردی لە سێدارەدا
964+
فەرهاد حەسەن
دەسەڵاتدارانی ئێران سزای سێدارەی پێنج بەندکراویان لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێکردوە، کە چواریان کوردن، تۆمەتەکانیشیان پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی ئەنقەستە و دەزگای دادوەرییش سزاکەی بەسەردا سەپاندوون.
ئەو چوار کوردەی لەگەڵ لەسێدارەدراوەکانن بریتین لە سەعید مەلەکیان، ئەحمەد حەیدەری، فەرهاد حەیدەری، ئەمیرحوسێن مایلی.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رێكخراوەكەیان گەیشتووە رۆژی 3.2.2026 سزای سێدارەی دوو برا كە خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان بە ناوەکانی ئەحمەد حەیدەری و فەرهاد حەیدەری، لە بەندیخانەکەی کەرەج جێبەجێکراوەم وەک باسدەکرێت ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەركراون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەش سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید مەلەکیان 32 ساڵ، خەڵکی هەرسینی سەر بە کرماشان و ئەمیرحوسێن مایلی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێکرا. یەکەمیان نزیکەی شەش ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ئەمیرحوسێن مایلیش بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەنگاو لە راگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت، “تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریەوە بڵاونەكراونەتەوە”.
بەپێی زانیارییەکان ئەم رێکخراوە، نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی رابردودا 841 حاڵەتی لەسێدارەدانی تۆمارکردوە و چەندین کەسیش بە تاوانی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و داکۆکیکردن لە مافەکان لە سێدارە دراون.