داعش دوو شوانکارەی بە پێنج دەفتەر دۆلار ئازاد کرد

+964

هونەر فارس – گەرمیان

ئەو دوو شوانکارە کوردەی دوو مانگ پێش ئێستا لە گوندی قەڵا، لە لایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون، بە پارە ئازادکران.

ئێوارەی ئەمڕۆ، هەریەک لە محەمەد حوسێنی تەمەن 16 ساڵ و سەباح حەسەنی تەمەن 20 ساڵ، کە دوو مانگ پێش ئێستا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندران، لە بەرامبەر بڕێک پارە ئازادکران.

شوانکارەکان خەڵکی گوندی قەڵای سەر بە ناحیەی زنانەی سەر بە شارۆچکەی خورماتوون، بۆ یەکێکیان 12 هەزار و 500 دۆلار و ئەوی دیکەیان 37 هەزار و 500 دۆلاریان وەرگرتووە.

سەبارەت بە چۆنێتی پێدانی پارەکە بە چەکدارانی داعش، تۆڕی 964 زانیویەتی ئەو چەکدارانە کەسوکاری رفێندراوەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، پارەکە لە شوێنی رفاندنەکە، لە نێوان گوندی قەڵا و تاوێرکەوە دابنێن و خۆیان لە گوندی پەلکانە چاوەڕێ بکەن بە مەرجێک مۆبایلەکانیان دابخەن.

لە کاتی دەستگیرکردنی دوو شوانکارەکەدا، داعش داوای 30 دەفتەر دۆلاری لە کەسوکاری رفێندراوەکان کردبوو بۆ ئازاد کردنیان.

فەرماندەیەکی سەربازی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە، زانیارییەکانی بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، شوانکارەکان لە دەشتێکدا ئازادکراون و ئێستا بەڕێکەوتوون بەرەو ماڵەوە.

تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە سێ هاوڵاتی لە گوندەکانی سنووری ناحیەی زنانە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر