عومان دەیەوێت زەمینەی رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان تاران و واشنتن بڕەخسێنێت
گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە مەسقەت دەستیپێکرد
964+
ژێوار خدر
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندەکەی، بەرەو شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە مەسقەت بەڕێکەوتن، ئەمەش دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ دێت بۆ رەخساندنی زەمینەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە.
لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و جارید کۆشنەر سەرۆکایەتی شاندی واشنتن دەکەن، گفتوگۆکان لەسەر هەردوو ئاستی دیپلۆماسی و تەکنیکی بەڕێوەدەچن و جەخت لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی دەکرێتەوە کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت، بەتایبەت کە تاران و واشنتن خواستی خۆیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە نیشانداوە.
وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە جیا لەگەڵ شاندەکانی ئێران و ئەمریکا کۆبووەتەوە و هەوڵەکان بۆ نزیککردنەوەی دیدگای لایەنەکان بەردەوامن.
جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە بەردەوامبوونی پشتگیری لە دیالۆگ تا گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆتایی کە سەقامگیری و ئاسایش بۆ ناوچەکە دابین بکات.