یەكێك لە كارەكانی كۆمپانیای IAT كە لەسەر ماڵپەڕەكەیان داینناوە
كۆبوونەوەیەكیش كرا
کۆمپانیایەکی چینی بە نیازی دامەزراندنی کارگەی بەستنی ئۆتۆمبێلە لە هەولێر
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كۆمپانیای IATی چینی بە جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێریان رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی و ستراتیژییان ئەوەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارگەیەکی گەورەی تایبەت بە بەستنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 3.2.2025 ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایان كرد، بەمەبەستی فراوانکردنی چالاکییە پیشەسازییەکانیان و وەبەرهێنان لە کەرتی ئۆتۆمبێل، شاندێکی گرووپی کۆمپانیاکانی IATی چینی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد.
هەروەها هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئەمیر سەعدەتی، بەڕێوەبەری بازرگانی لە گرووپی کۆمپانیاکانی IATبوو، كە لەگەڵ مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر كۆبوونەوە.
“بەڕێوەبەری بازرگانیی کۆمپانیای IAT تیشکی خستە سەر پسپۆڕی کۆمپانیاکەیان لە دروستکردنی پارچەی یەدەگ و دیزاین و بەستنی ئۆتۆمبێل، هەروەها باسی ئەوەی كرد وەك هەنگاوێکی سەرەتایی، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر (ئۆتۆشۆ) بەشدار دەبن، بەڵام ئامانجی سەرەکی و ستراتیژییان ئەوەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کارگەیەکی گەورەی تایبەت بە بەستنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، جێگری سەرۆکی ژوور مەعروف عەزیزخان هەرکی، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بەم جۆرە کارگە پیشەسازییانە هەیە، ئامادەیی تەواوی ژووری پێشانداوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانکارییەك بۆ گرووپی کۆمپانیاکانی IAT تا بتوانن پڕۆژەکانیان لە هەولێر سەرکەوتووانە جێبەجێ بکەن.