عومەری كەریم ئاغا لە شەوی بەرات
لە بری نوقل و پارە دەفتەر و قەڵەم دەداتە قوتابیان
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
هونەرمەند و نووسەر عومەری كەریم ئاغا لەگەڵ منداڵان بەشداریی بەراتی كرد و دەشڵێت ئەو لە بری نوقڵ و پارە، دەفتەر و قەڵەم دەداتە منداڵانی قوتابی.
ئەمشەو بەراتە و لە سلێمانی كەشێكی تایبەت و بۆنە و رێوڕەسمی كولتووریی تایبەت بەڕێوەچوو، لە دیوە سادەكەشیدا منداڵان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و نوقڵ و پارە وەردەگرن.
عومەری كەریم ئاغا هونەرمەندی دیار و نووسەر، بەشداریی بەراتی كرد و بە 964ی وت، “بەرات جەژنێكی كوردەوارییە، لە شەش ساڵییەوە بەشداریی شەوی بەرات دەكەم”.
هەروەها وتی، من لەبری نوقڵ و پارە، دەفتەر و قەڵەم دەدەمە منداڵە قوتابییەكان، چونكە رەنكە نوقڵ ئەزیەتی ددانیان بدات و پارەش بیانكەتە ماددەپەرست.
عومەری كەریم ئاغا دەڵێ، سلێمانی شاری رۆشنبیری و كوردایەتی و بەتەنگەوەهاتنە، هەرچی بۆنە و جەژنی پیرۆز و راست و دروستیش هەیە ئاهەنگی تێدا دەگێڕێت و لەخۆی گرتووە.
ئەو هونەرمەندە، كە زیاتر لە “بەرنامەی بەرنامە” ناوبانگی پەیدا كرد، دەڵێت، هیوادارم شەوی بەرات ببێتە بەراتی خۆشی و شادی و هەرچی ناخۆشییە لەكۆڵمات بێتەوە و خۆشی بێتەكایەوە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا