دەرمان و خۆراک و پێویستى رۆژانە
هەولێر ملیارێک و 700 ملیۆن دینار و 126 تڕێلە هاوکاری بۆ رۆژئاوا کۆکردەوە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کۆتاییهاتنی کەمپینی “هەولێر”ی بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند کە لە ماوەی 10 رۆژی کەمپینەکەدا، بڕە پارەیەکی زۆر و سەدان تۆن پێداویستیی جۆراوجۆر کۆکراونەتەوە و ڕەوانەی ناوچەکە کراون.
کەمپینەکە لە 22ی کانوونی دووەمی 2026 لەبەردەم پارکی شانەدەر دەستیپێکرد، ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کردووە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەمە “ئەرکێکی نەتەوایەتی و نیشتمانی بووە” بۆ هاوکاریکردنی کوردانی ڕۆژئاوا لە کاتی تەنگانەدا.
ژمارەکان:
ئەو هاوکارییانەی لە رێگەی 126 تڕێلەوە نێردراون، بەم شێوەیەن:
کۆیی گشتی پارەی کاش: 1 ملیار و 700 ملیۆن دینار.
کۆی گشتی کەلوپەل: 504 تۆن.
خۆراکی وشک: 325 تۆن.
پێداویستی ناوماڵ (دۆشەک و بەتانی): 147 تۆن.
دەرمان و پێداویستی تەندروستی: 32 تۆن.