کۆمپانیای نیسان عێراق لقی نوێی خۆی لە موسڵ کردەوە
لە هەرێمی كوردستانیش چالاكە
كۆمپانیایەكی ناوداری ئۆتۆمبێل لقی خۆی لە شاری موسڵ كردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمپانیای نیسان عێراق – ئەلسور ئۆتۆمۆتیڤ ترێدینگ، دابەشکەر و بریکاری فەرمی و تایبەتی مارکەی نیسان لە عێراق، لقی نوێی خۆی لە موسڵ کردەوە.
لە ئاهەنگێكدا، كە شەوی رابردوو بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی چەندین لایەنی بەرپرسی شاری موسڵ، كۆمپانیاكە لقی خۆی لە شارەكەدا كردەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیسان ئەلسور، ئەحمەد موشیر شەریف لە لێدوانێكدا بۆ 964 وتی: لەگەڵ ستراتیژی فراوانکردنمان و وەرگرتنی دەرفەتی گەشەسەندنی نوێ، خۆشحاڵین بە کردنەوەی یەکەم پێشانگای ئۆتۆمبێلی نوێ بە ناسنامەی مۆدێرن و مۆدێرنەکەی نیسان لە عێراق، ئەمەش بوونی نیسان ئەلسور زیاتر بەهێز دەکات”.
وتیشی، پێشانگای نیسان ئەلسور لە شاری موسڵ یەکێک دەبێت لە پلاتفۆرمەکانی خستنەبازاڕ و پەردەلادان لەسەر نوێترین ئۆتۆمبێل و ئۆفەرەکانی کۆمپانیای نیسان، ئەمەش وادەکات کڕیارانی شاری موسڵ بەردەوام پەیوەندییان هەبێت و ئاگاداربن لە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ئۆتۆمبێلی نیسانەوە هەیە و ئەو ئۆفەرانەی کە لە کۆمپانیاكە بەردەستە.
باسی ئەوەشی كرد، كردنەوەی لقی موسڵ، فراوانکردنی تۆڕی پێشانگا و سەنتەری خزمەتگوزارییەکانی نیسانە لە سەرانسەری وڵاتدا، پێشکەشکردنی نوێترین مۆدێلەکانە بەپێی بەرزترین ستانداردی کوالیتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، هەروەها پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی دوای فرۆشتن.
کۆمپانیای نیسان ئەلسور، دابەشکەری تایبەتی کۆمپانیای نیسانە لە عێراق، لە دوو ناوچەی سەرەكیدا كارەكانی بەڕێوەدەبات، هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هەولێر و سلێمانی و زاخۆ، هەروەها ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە تایبەتی لە بەغدا، موسڵ و نەجەف.