خێری بۆ بەنداوی دوکان نەبوو

بارانەکە 17 سانتیم ئاوی بەنداوی دەربەندیخانی زیاد کردووە

964+

دیلان محەمەد و ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

شەپۆڵی بارانە بە لێزمەکەی 24 کاتژمێری رابردوو 17 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخانی بەرز کردۆتەوە، بەڵام بە قسەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بێت خێری بۆ ئەوان نەبووە.

سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964 راگەیاند: بەھۆی ئەو شەپۆڵی بارانبارینەی دوێنێ نزیکەی 17 سانتیم ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرز بووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ سبەینێ ئاستی ئاو دڵخۆشکەر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ ناو بەنداوەکە و رێژەکەی زیاتر دەبێت.

“بەنداوی دەربەندیخان ئاستی ئاو تێیدا لە ئێستادا تاوەکو رێژەی 39%ـیە، تەنیا بەم بارانبارینە نزیکەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاو چووەتە ناو بەنداوەکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەراورد بە پارساڵ چوار مەتر و 11 سانتیم ئاستی ئاوەکە کەمترە”.

لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە قەزای دوکان 60 ملم بارانباریوە و بەقسەی بەڕێوەبەری بەنداوەکەش بێت کاریگەری ئەوتۆی لەسەر نەبووە.

لای خۆیەوە کۆچەر جەمال، بەرێوەبەری بەنداوی دوکان بە 964ـی وت، ئەم شەپۆڵە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاوی بەنداوەکە نابێت، بەڵکو شەپۆڵە فراوانەکە چەقی سلێمانی گرتۆتەوە، بۆیە کاریگەری لەسەر چەم و ئەو پۆند و بەنداوانە دەبێت کە دەکەونە خوارووی پارێزگای سلێمانی.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق