نوری مالیكی
دوای هەڕەشەكەی ترەمپ
چوارچێوەی هەماهەنگی بە دوای جێگرەوەی مالیكیدا دەگەڕێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە چوارچێوەی هەماهەنگی، گەورەترین هاوپەیمانی شیعەكانی عێراق كۆببنەوە، بۆ ئەوەی كەسێكی دیكە لە شوێنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن.
سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبی راگەیاندووە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیان دەبێت و بە دوای جێگرەوەیەک دەگەڕێن بۆ نوری مالیکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا رازی نەبوو مالیكی بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، “بەرەو کاندیدێکی کۆدەنگی دەڕۆین، سەرۆکی ئەمریکاش بە رەتکردنەوەی کاندیدکردنی مالیکی، هێزە سیاسییەکانی خستووەتە دۆخێکی نائاساییەوە.
شەوی رابردوو ترەمپ لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیالی خۆیدا نووسیویەتی: “دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق رەنگە هەڵبژاردنێکی زۆر خراپ بکات بە دانانی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران، دوایین جار کە مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵات تووشی هەژاری و پشێوییەکی تەواو بوو، بۆیە نابێت رێگە بدرێت ئەمە دووبارە ببێتەوە.
سەرۆكی ئەمریكا وتیشی، ئەگەر مالیكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، ئەمریكا هەموو هاوكارییەكی بۆ عێراق رادەگرێت.
نوری مالیکی پێشتر لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 دوو خولی یەکلەدوای یەک سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو.