"با نووسینگەكانیان دابخرێن"
سكاڵای یاسایی لەسەر دوو كەناڵی عەرەبی لە هەولێر تۆمار كرا
964+
عەبدولعەزیز خالند
تیمێك لە پارێزەرانی هەولێر لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان، سكاڵای یاساییان لەسەر هەردوو كەناڵی ئەلجەزیرە و ئەلحەدەس تۆمار كرد و داوا دەكەن نووسینگەكانیان لە كوردستان دابخرێن.
پارێزەر ئاسۆ هاشم ئەمڕۆ چوارشەممە 28.1.2026 بە 964ی راگەیاند، “ئەلجەزیرە و ئەلحەدەس دژی كورد كار دەكەن و پشتگیری لە تیرۆر و كاری تیرۆریستی دەكەن، دژی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كار دەكەن”.
وتیشی، ئەمڕۆ سكاڵای یاساییمان تۆمار كردووە و داوامان كردووە نووسینگەی هەردوو كەناڵ لە كوردستان دابخرێن و رێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
ئاسۆ هاشم رۆڵی میدیای كوردستانی بە بەرز نرخاند لە یەكخستنی گوتاری كورد لەو بارودۆخە و لەو بەرخۆدانەی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە و وتیشی، “رۆڵی میدیای كوردی لەسەر سەرمان دادەنێین”.
ئەلجەزیرە كەناڵێكی قەتەڕییە و كەناڵی ئەلحەدەسیش كەناڵێكی سعودییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا