بەرەو ژمارەی گەورەتر

زێڕ نرخێكی مێژوویی تۆمار كرد و هێشتاش ناوەستێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەی زیاتر دایە و ریکۆرد نوێ تۆمار دەكات، ئەوەتا بۆ یەکەمجار ئەمڕۆ چوارشەممە 28.1.2026 نرخی یەك ئۆنسەی زێڕ پێنج هەزار و 260 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا لە ئاستی بۆرسەی جیهانی.

ئەم هەڵکشانە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە جیۆسیاسییەكان و پێشبینیکردنی بڕیاری سیاسەتی دراوی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا.

کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای OANDA رایگەیاند، بەرزبوونەوەی زێڕ پەیوەستە بە “پەیوەندی پێچەوانەی بەهێزی نێوان ئەو و دۆلارەوە”.

شڕۆڤەكارانی بازاڕی زێڕی جیهانی پێشبینیی ئەوەیان كردووە، تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك ئۆنسە بگاتە شەش هەزار دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستکەوتە بەرچاوەکانی دوێنێی ئەم کانزایە لە بازاڕی ئەمریکا دوای لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هات سەبارەت بە دابەزینی نرخی دۆلار.

لە بازاڕی كوردستانیش نرخی زێڕ و زیوویش بەرزە و دوێنێ لەگەڵ داخستنی بازاڕ لە ئێوارەدا نرخی یەك مسقال زێڕی عەیار 21 بە یەك ملیۆن و 125 هەزار دینار لە هەولێر مامەڵەی پێوەكرا و هێشتاش نرخی ئەمڕۆ رانەگەیاندراوە.

لە دوێنێوە مسقاڵێک زێڕ 32 هەزارى چووەتەسەر

لە دوێنێوە مسقاڵێک زێڕ 32 هەزارى چووەتەسەر