رۆژئاواى کوردستان
عەقید سەلام؛ لە سەنگەرى پێشەوەى شەڕڤانانەوە زانیارى نەبیستراو دەدرکێنێت
964+
توانا نەقى- رۆژئاوا
لە بەرنامەیەکى تایبەتدا کە لە سەنگەرەکانى پێشەوەى بەرگرى لە رۆژئاواى کوردستان تۆمارکراوە، عەقید سەلام ئەسعەد، راوێژکارى 964 بۆ کاروبارى سەربازى، زانیارى نەبیستراو ئاشکرا دەکات و دەڵێت: سەنگەرەکانى بەرگرى تۆکمەن و شەڕڤانان ورەیان بەرزە.
عەقید سەلام لەو بەرنامەیەدا باس لەوە دەکات، دۆخى شەڕ ئەمجارە ئەگەر رووبدات جیاوازە، چونکە پێکهاتەى جوگرافى و جۆرى شەڕەکە لە بەرژەوەندى شەڕڤانانە و شەڕەکە لەسەر خاکێکە کە هى کوردانە.
باس لەوەش دەکات، ئاگربەست بە جۆرێک لە جۆرەکان رەنگە لە بەرژەوەندى گروپە چەکدارەکان و سوپاى سوریاش بێت، چونکە کەشوهەوا بۆ شەڕى ئەوان لەبار نەبوو.
لە بارەى کۆبانێ، عەقید سەلام وتى،”ئەو سەرکەوتنەى کۆبانێ بەسەر داعشدا تۆمارى کرد، ئەگەر سوپاى سوریا و گروپە چەکدارەکان ئەمجارە هێرشى بکەنەسەر، دووبارە کۆبانێ سەرکەوتن تۆمار دەکات، چونکە ئەمجارە بەرخودانەکە بەرزترە و چەکەکان پێشکەوتووترن و راهێنانى شەڕڤانان زیاترە”.