درۆنی تورکیا کۆبانێ بۆردومان دەکات
هەسەد وادەڵێت
“درۆنی توركیا گوندەكانی كۆبانێی بۆردومان كرد و بەردەوامیشە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێن، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا (درۆن) پاڵپشتی ئاسمانییان بۆ هێرشەکانی لایەنەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق كردووە و گوندەکانی جەلەبیە، خەراب ئەشک و زەریکیان لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانی بۆردومان كرد و هێرشەكانیشیان بەردەوامە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیاندراوێكدا لە چەناڵی فەرمیی خۆیان لە تێلیگرام ئاماژە بەوە دەكەن، درۆنی توركیا لە جۆری بەیرەقدار بۆردومانی قورس چەند گوندێكی كۆبانێی كردووە و هێشتا بۆردومانیشیان بەردەوامە.
سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەكات، “لە میحوەری گوندی کوریک، شەڕڤانانمان هێرشی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشقیان بەرپەرچ دایەوە و هەوڵەکانیان بۆ پێشڕەوی پووچەڵ کردەوە، شەڕ و پێكدادانیش لەو ناوچەیە بەردەوامە”.
ئەمەش لە كاتێكدایە ئاگربەست لە نێوان هەسەدە و حكومەتی كاتیی سوریا بۆ 15 رۆژ راگەیاندراوە، بەڵام لێرەولەوێ پێشێلكاری و هێرش و بۆردومانی هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان هەیە، بە تایبەتی لە دەوروبەری كۆبانێ.