لەسەر رێگای سەیدسادق - هەڵەبجە

لە رووداوێکی هاتوچۆدا پێنج هاوڵاتی برینداربوون

964+
بڕوا مەجید – سەیدسادق

لەسەر رێگای سەرەکیی سەیدسادق بۆ هەڵەبجە، دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندادا و پێنج هاوڵاتی برینداربوون.

سەروەت حامید پزیشک لە بنکەی تەندروستی بابەگوڕگوڕ لە سەیدسادق بە 964ـی وتی “کەمێک پێش ئێستا لەسەر رێگای سەیدسادق بۆ پارێزگای هەڵەبجە و لە نزیک گوندی تەپەڕەش، دوو ئۆتۆمبێلی لە جۆرەکانی ئۆپترا و پاترۆڵ لەگەڵ ماتۆڕسکیلێک پێکیانداداوە”.

“لە رووداوەکەدا پێنج هاوڵاتی برینداربوون، چواریان پیاو و یەکێکیان ژنە، هەموویان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتی حاجی موشیر و چارەسەری پێویستیان بۆکراوە”، سەروەت حامید وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکان کە پیاوە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لەسەر رێگای ملەی نەڵمە کە لە نێوان سەیدسادق و پێنجوێن دایە، کیایەکی بارهەڵگر و نیسان پیکابێک پێکیاندادا و لەو رووداوەشدا دوو کەس برینداربوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری