وەزارەتی دارایی هەرێم:
“هیچ رێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی موچە لە ئارادا نییە”
964+
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەغدا هیچ بریار و رێنماییەکی لەسەر دابەشکردنی موچە بۆ نەناردوون و ئەوەی لە میدیاکانیشەوە باسدەکرێت “لێکدانەوەی نادروستە”.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە و تیایدا هاتووە، سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، ماوەی چەند رۆژێکە چەندین لێدوان و شیکردنەوەو لێکدانەوەی نادروست لەسەر ئەو بابەتە لە بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاودەبێتەوە، بە پێویستمان زانی ئەم بەرچاورونیانە بخەینە روو.
بەپێی راگەیەندراوەکە، تاوەکو ئێستا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هیچ بریار و رێنماییەک سەبارەت بە رێکارەکانی خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی دارایی 2026 نەگەیشتۆتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
تاوەکو ئێستا هیچ رێکەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی موچە لە ئارادا نییە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، هەروەک ساڵانی پێشوو بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی هەموو هەنگاوەکانی دابەشکردنی موچە و هیچ کێشەیەکیش لەبەردەمیاندا نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوە و لیستی موچە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی خاڵی یەکەمە (واتە بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ خەرجکردنی مووچە لەساڵی 2026).
تکاش لە هەر کەس و لایەنێک دەکات، کە شارەزای ئەم رێکەوتن و رێنمایی و رێکارانە نیین، زانیاری هەڵە لەسەر لیستی موچە و بابەتی 120 ملیار دینارەکە بڵاونەکاتەوە، تاوەکو لەو رێگایەوە بیەوێت بۆ دەستکەوتی کەسی یان سیاسی یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات و هەر کەس و لایەنێکیش پێویستی بە زانیاری هەیە دەرگای وەزارەتیان بۆ کردوونەتەوە.