چیرۆکێکی ناخهەژێن تیمی CPT تۆماری کردووە

چەکدارانی سوپای عەرەبی سوریا خێزانێکی کورد لەنێوان رەققە و حەسەکە کۆمەڵکوژ دەکەن

964+

فەرهاد حەسەن

تیمی CPT ئەمریکی کە ماوەی چەند رۆژێکە لە رۆژئاوای کوردستانە کەیسێکی کۆمەڵکوژی خێزانێکی کورد بڵاودەکاتەوە، کە لەلایەن چەکدارانی سوپای عەرەبی سوریا کۆمەڵکوژ کراون.

کامەران عوسمان، نوێنەری تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـى ئەمریکی چیرۆکەکی تۆمار کردووە و بۆ 964 یشی ناردووە، کە دوای کۆمەڵکوژکردنی خێزانەکە تەرمەکانیشیان دەشێوێنن.

رووداوی کۆمەڵکوژییەکە:

لە رۆژی 18.1.2026 و لەکاتی هێرشی چەکدارانی سوپای حکومەتی نوێی سوریا بۆ سەر شاری رەقە، خێزانێکی 12 کەسی کورد، کە لەکاتی راکردندا بوون بۆ شاری حەسەکە، دەستگیردەکرێن و شەش ئەندامی خێزانەکە کۆمەڵکوژ دەکرێن، شەشی دیکەشیان بریندار دەکرێن.

خێزانەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری “کیا – بارهەڵگر” ژمارە 40013، لە شاری رەقەوە بەڕێدەکەون بۆ شاری حەسەکە، کاتێک دەگەنە نزیک گوندی ئەبو خەشەب لە نێوان رەقە و حەسەکە، لەلایەن گروپێک چەکداری سەر بە حکومەتی نوێی سوریاوە رادەگیرێن. پرسیاریان لێدەکرێت “خەڵکی کوێن؟”، وەڵام دەدەنەوە “ڕەقە”.

بەرپرسی گروپە چەکدارییەکە دەڵێت “کوردن یان عەرەب؟”. ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن “کوردین، بەڵام سەر بە هیچ حزب و هێزێک نین”.

بەرپرسەکە دەڵێت “تەواو ئێستا کۆتایی بە هەمووتان دەهێنم!”.

بەرپرسەکە فەرمان دەکات کە ئەوانەی بەتەمەنن هەموویان بکوژرێن، خێزانەکە لە تاو گیانی خۆیان دەیانەوێت لە ئۆتۆمبێلەکە بێنە دەرەوە، بەڵام چەکدارەکان تەقە دەکەن و سەرەتا فیشەک دەنێن بەسەری باوکی خێزانەکە کە ناوی “محەمەد ئیسماعیل ساڵح، تەمەن 50 ساڵە و دەیکوژن، دەستی دایکی خێزانەکە بە ناوی “سارا شاهین ساڵح، تەمەن 49 ساڵ” لە پشتەوە دەبەستنەوە و فیشەک دەنێن بە سەریەوە و ئەویش دەکوژن، ئینجا بە هەڕەمەکی تەقە لە خێزانەکە دەکەن و چوار ئەندامی دیکەی ئەم خێزانە بە ناوەکانی “یوسف محەمەد ساڵح، تەمەن 20 ساڵ، لەیلا محەمەد ساڵح، تەمەن 17 ساڵ، ئەڤین محەمەد ساڵح، تەمەن 10 ساڵ، مەحمود ئەحمەد ساڵح، تەمەن 26 ساڵ” دەکوژن کە دووانیان منداڵن.

دوای کوشتنی ئەو شەش ئەندامە لەو خێزانە، چەکدارەکان پێستی دەمووچاوی لەیلای تەمەن 17 ساڵ، هەڵدەکەنن و بەچەقۆ سکی هەڵدەدڕن، چاوی راستی مەحمودی تەمەن 26 ساڵەش دەردەهێنن، ئینجا لۆگۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەخەنە سەر سنگی مەحمود.

دوای ئەوە شەش ئەندامەکەکەی دیکەی خێزانەکە رادەکەن و دەیانەوێت لەدەستی چەکدارەکان رزگاریان بێت. بەڵام چەکدارەکان بە هەڕەمەکی تەقەیان لێدەکەن و هەموویان بە سەختی بریندار دەکەن، چەکدارەکان، تەرمی کوژراوەکان لە شوێنەکە جێدەهێڵن و بریندارەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن، دوای کاتژمێرێک، بریندارەکان لە چۆڵەوانیەک لە نزیک شاری دێرەزوور فڕێدەدەن و ئەوانیش بەجێدەهێڵن.

خێزانێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دێرەزوور، بریندارەکان دەدۆزێتەوە، دەیان بەن بۆ نەخۆشخانەی گشتی ئەو شارە لە نەخۆشخانەکەدا، سەرباری ئەوەی کە چارەسەری پێویست پێشکەش بە بریندارەکان ناکرێت، یەکێک لە پزیشکەکان، سوکایەتی بە بریندارەکان دەکات و دەڵێت “دەبوو ئێوەش کوژرابان و نەهێندرابان بۆ ئێرە”. پاش 40 کاتژمێر، بریندارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شاری رەقە و لەوێش لە یەکتری جیا دەکرێنەوە.

دوای دوو رۆژ لە رووداوەکە، هەندێک هاوڵاتی گوندی ئەبو خەشەب، تەرمی کوژراوەکان کۆدەکەنەوە و دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی پارێزگای دێرەزوور، تاوەکو ئێستاش تەرمەکان لەو نەخۆشخانەیە ماونەتەوە و بە خاک نەسپێردراون.

ناوی بریندارەکان، تەمەن و جۆری برینەکانیان:

شیرین محەمەد ساڵح، 25 ساڵ، چوار فیشەک بەر سکی کەوتووە.

غەزال محەمەد ساڵح، 16 ساڵ، فیشەک بەر قاچی کەوتووە.

ئیبراهیم محەمەد ساڵح، 13 ساڵ، فیشەک بەر دەست و قاچی کەوتووە.

شادی مەحمود ساڵح، شەش ساڵ، فیشەک بەر قاچی کەوتووە و دەموچاویش بریندارە.

لاوەند مەحمود ساڵح، تەمەن دوو ساڵ و نیو، فیشەک بەر پێستی سەری کەوتووە و سەری بریندارە، دوو پەنجەی دەستی راستیشی لەدەستداوە.

ئیبراهیم مەحمود ساڵح، تەمەن چوار ساڵ، فیشەک بەر قاچ و ئەندامی نێرینەی کەوتووە.

کامەران دەڵێت “کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، سوکایەتیکردن بە تەرمەکانیان، تۆقاندنی دەستگیرکراوان و تەقەکردن لێیان ئەمانە هەموو پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤ و تاوانی گەورەن، کە چەکدارانی سوپای حکومەتی نوێی سوریا لە هێرشەکانی ئەم دواییەیاندا بۆسەر ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا و ناوچەکە کوردنشینەکان ئەنجامیانداوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رێکخراوی CPT تەواوی بەڵگەنامەکانی ئەم کۆمەڵکوژیەی لەبەردەستدایە و راستاندنی بۆ رووداوەکە کردووە، بەردەوامیش دەبێت لە تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە هاوڵاتییانی مەدەنی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن چەکدارانی حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراون.

CPT: توركیا دەستی بە بڕین و گواستنەوەی دارستانەکانی ئامێ...

CPT: توركیا دەستی بە بڕین و گواستنەوەی دارستانەکانی ئامێدی كردووه‌

تیمى 964 لە رۆژئاواى کوردستانن و یەپەژەش بۆ بەرخۆدان ئام...

تیمى 964 لە رۆژئاواى کوردستانن و یەپەژەش بۆ بەرخۆدان ئامادەن

"هێرشی جیهادییەکان بۆ سەر رۆژئاوا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا"