لەنێوان هەسەدە و سوپا

بۆ 15 رۆژی دیکە ئاگربەست درێژکرایەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی بەرگری سوریا ئەمشەو 24.1.2026 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئاگربەست بۆ ماوەی 15 رۆژ لە نێوان سوپای عەرەبی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” درێژکرایەوە.

ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 11:00 ئەمشەوەوە دەستپێدەکات، ئەوەش لەدوای چوار رۆژ ئاگربەستە کە پێشتر لە دەرئەنجامی شەڕی نێوانیان رایانگەیاند.

بە گوێرەی بەیاننەکەی وەزارەتی بەرگری سوریا، ئاگربەستەکە بۆ ئەوەیە ماوە بدرێ بە گواستنەوەی ئەوە چەکدارە زیندانیکراوانەی داعش، کە ئەمریکا لە زیندانەکانی هەسەدەوە دەیانگوازێتەوە بۆ عێراق.

ئەوە لە کاتێکدا، پێشتر دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێڕەوی مرۆیی دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پاڵپشتی و فریاگوزاری پێشکەش بکەن.

ئەوەشیان وتووە، سوپا دەبێتە قەڵغانێک کە هەموو کۆمەڵگای سوریا دەپارێزێت و یەکێتی خاکی کۆماری عەرەبی سوریا دەپارێزێت و دژی هەموو پڕۆژە تیرۆریستییە سنوربەزێنەکان دەوەستێتەوە.

"چەکدارانی سوریا بە ئەنقەست ئاگربەست دەشکێنن و مەترسیان لەسەر کۆبانی دروستکردووە"