زەنگى مەترسى لێدرا

چوار منداڵ بە کۆبانێ بەهۆى نەبوونى خۆراک و سەرماوە گیانیان لەدەستدا

964+

وریا فەتاح

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زەنگی مەترسی لەبارەی رەوشی مرۆیی و تەندروستیی شاری کۆبانێ لێدەدات و رایدەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆ و شەڕەوە، منداڵانی شارەکە رووبەڕووی مردن بوونەتەوە.

پزیشکێک لە نەخۆشخانەی “ئەمەلی نوێ” لە ناو کۆبانێ بە ڕوانگەی سووری راگەیاندووە، چوار منداڵ بەهۆی وشکبوونەوەی جەستە (تینوێتی)، کەمیی خۆراک و سەرمای توندەوە گیانیان لەدەستداوە.

دەشڵێت: ژمارەیەک کۆرپە لە کاتی لەدایکبووندا گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی کارەبا بڕاوە و ئۆکسجین لە بەردەستی پزیشکەکاندا نەماوە.

لە ئێستادا شارەکە بەدەست قەیرانێکی خنکێنەرەوە دەناڵێنێت و ئەمانەی خوارەوە لە بازاڕەکاندا نەماون:

1.  شیری منداڵ بە تەواوەتی بڕاوە.

2.  دەرمان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان نەماون.

3.  خەڵک پەنایان بۆ بەکارهێنانی ئاوی پیس و پاشماوەی بنەی تانکییەکان بردووە بۆ خواردنەوە، ئەمەش مەترسیی کۆلێرا و نەخۆشییەکانی تری زیاد کردووە.

ئەم دۆخە سامناکە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سەر بە “حکومەتی کاتی” و فەسیلەکان گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر کۆبانێ، هاوکات لە گوندەکانی دەوروبەری شارەکە، پێکدادانی سەخت لە نێوان ئەو فەسیلانە و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی رێگاکانی گەیشتنی هاوکاری.

خۆپیشاندانە؛ هەولێر دڵى بۆ کۆبانێ لێ دەدات

خۆپیشاندانە؛ هەولێر دڵى بۆ کۆبانێ لێ دەدات