كۆمار بۆچی سەرنەكەوت؟

ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆماری كوردستان تێدەپەڕێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە كاتێكدا كورد لە هەموو پارچەكان و لە تاراوگە هەڵمەتی پاڵپشتی بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە لە بەرامبەر ستەم و داگیركاری سوپای سوریای عەرەبی، ئەمڕۆ یادی 80 ساڵەی كۆماری كوردستانە لە مەهاباد، كە یەكەم حكومەتی كورد بوو لە سەدەی بیستەمدا.

کۆماری کوردستان، كە کۆماری مەھابادیشی پێدەگوترا، لە 22.1.1946 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك قازی محەمەد و هاوڕێیانی دامەزرێندرا و ئەو رۆژە قازی محەمەد سوێندی یاسایی خوارد.

کۆماری کوردستان زۆرتر ناوچەی موکریانی دەگرتەوە و پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو. بێجگە لە مەھاباد، شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێک لە کۆماری کوردستان بوون .

کۆماری كوردستان لە باشوورەوە تا نزیک شارەکانی بانە و سەقز درێژەی ھەبوو، لە باکووریشەوە داخوازی بەڕێوەبردنی شارەکانی ورمێ، خۆی و سەڵماسی دەکرد کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری نەتەوەییی ئازەربایجاندا بوون.

كۆماری كوردستان بە سوودوەرگرتن لە هەڵومەرجی ململانێی ناوچەكە و بە تایبەتی ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو دروست بوو، بەڵام پێش ئەوەش راپەرینێكی كوردانی رۆژهەڵات لە 1941 دەسەڵاتی ناوچەكەی لەدەست حكومەتی ئەوكاتی ئێران دەرهێنا و چەند ساڵێك بەردەوام بوو، ئیتر بەرهەمی دامەزراندنی كۆماری لێكەوتەوە، بەڵام تەمەنی كورت بوو، لە كۆتایی ساڵی 1946 سوپای ئێران هاتە ناو شاری مەهاباد، دواتریش لە 31.3.47 سەرۆك قازی محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران لە سێدارە درا و ئیتر چرای كۆمار لە چوارچرا كوژایەوە.

كۆماری كوردستان چەند ئامانجێكی لە سەرەتای دامەزراندنیدا هەبوو، لەوانە:

·         زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە.

·         ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.

·         ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.

·         یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان.

·         یاسایەک ھەبێت کە بەیەک چەشن مامەڵە کرێکار و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات.

بۆچی كۆماری كوردستان سەرنەكەوت؟
ئارچیبالد بولۆچ رۆزفێلت، کوڕەزای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر ڕۆزفێلت، لە کتێبەکەیدا بە ناوی «کۆماری کوردیی مەھاباد» دەڵێت کێشەی سەرەکی کۆماری کوردستان ئەوەبوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤیەت بوو، تەنیا چانسیان، ھێزی سوپای سوور بوو؛ بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین و سۆڤیەت وای کرد زۆربەی ھێزە رۆژئاوایییەکان پشتی ئێران بگرن. قازی محەمەد، ھەرچەندە نکۆڵیی لەو راستییە نەدەکرد کە لە رووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیەت بەستووە، بەڵام ئەوەی رەتدەکردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیستی بێت، ئەوەش وتبوو، ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیەت لەقەڵەم دا.

*بۆ ئامادەكردنی ئەم بابەتە سوود لە ویكیپیدیا وەرگیراوە

چیرۆكی یه‌كیك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆماری مهاباد له...

چیرۆكی یه‌كیك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆماری مهاباد له‌ 964 ببیسته‌