جگە لە بڕانی ئاو و کارەبا هێڵەکانی ئینتەرنێتیشیان پچڕاندووە
“چەکدارانی سوریا بە ئەنقەست ئاگربەست دەشکێنن و مەترسیان لەسەر کۆبانی دروستکردووە”
964+
فەرهاد حەسەن
ئیدارەی خۆسەری دەڵێت لەوەتەی ئاگربەست راگەیەندراوە ئەوان بەهەموو شتێکەوە پابەند بوون بەڵام چەکدارانی سوپای سوریا بە ئەنقەست پێشێلکاری دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوێک، ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پابەندبوونی تەواو و بێ دوو دڵی خۆی بە ئاگربەستی راگەیەندراو دووپات کردووەتەوە، بەڵام دەڵێت لایەنە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا لە دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلکردنی بە ئەنقەست و سیستماتیکی رێککەوتنی ئاگربەست بە بەردەوامیدان بە هێرشە دڕندەکانیان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ناوچە دانیشتووەکان بەتایبەتی لە شاری کۆبانی و ناوچەی جزیرە.
باس لەوەدەکات، ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبانی روودەدات، تەنیا هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو تاوانێکی جەنگی تەواوەتییە، ئەم شارە کە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرەتای شکستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو، رێکخراوێک کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی دروست کردبوو، ئەمڕۆ دەکرێتە ئامانج، چونکە هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە.
ئاشکرای دەکات، ئێستا لە ئەنجامی ئەو هێرشانەیان کە ژێرخانەکەی کراوەتە ئامانج، جگە لەوەی بێ ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ماوەتەوە دوایینیان کار کە کردوویانە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێتە، کە بەیەکجاری ئەو شارەی لە جیهانی دەرەوەی دابڕیوە.
ئیدارەی خۆسەر داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت هاوپەیمانانی جیهانی دژی داعش دەکات دەستوەردانێکی بەپەلە و دەستبەجێ بکەن بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە و کۆتاییهێنان بەو تاوانە جەنگییانەی کە لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدرێن.
هاوکات بانگەواز بۆ گەلی کورد و دۆستانیی دەکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە سەرانسەری جیهان، کە خەبات و بەرخۆدان چڕتر بکەنەوە، بەرگری لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە سایەی قوربانیدانی شەهیدان و خۆڕاگری تێکۆشەران و ئیرادەی ئازادی گەلەکەمان بەدەست هاتوون.